پسپۆڕێک هۆکارەکانی زیادبوونی چرچولۆچیی پێست باس دەکات؛ جگەرەکێشان یەکێکیانە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، مەرج نییە دەرکەوتنی چرچولۆچی پەیوەندیی بە بەساڵداچوونەوە هەبێت و گەنجی وا هەیە، لە تەمەنی بیستەکانیدایە، چرچولۆچی کەوتووەتە پێستییەوە. هۆکارەکانیش باس دەکات.
د. کوردە فەرەیدوون، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، نابێت زێدەڕۆیی لە کاری جوانکاریدا بکرێت، چونکە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی روخساری کەسەکە بشێوێت و تەمەنێکی زۆرتری پێوە دیار بێت.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، جگەرە، نێرگەلە و ڤەیکێشان هاوتای خواردنی خۆراکە خێراکان و شیرینییەکان رۆڵیان هەیە لە زووچرچبوونی پێست.
دەقی وەڵامەکانی د. کوردە فەرەیدوون لەبارەی چرچولۆچیی پێست و رێگەکانی کەمکردنەوەیان بە سرووشتی؛
رووداو: چرچولۆچی تەنیا لە تەمەنی پیریدا روودەدات؟ ئایا دوای چەند ساڵی چرچولۆچیی پێست دروست دەبێت؟
د. کوردە فەرەیدوون: مەرج نییە دەرکەوتنی چرچولۆچی پەیوەندیی بە بەساڵداچوونەوە هەبێت، ئەمە زیاتر پەیوەندیی بە هۆکاری بۆماوەیی و شێوازی ژیانی کەسەکە هەیە، لە دوای 25 ساڵیدا 1٪ رێژەی کۆلاجینی پێست کەم دەبێتەوە و بەرە بەرە پێست چرچر دەبێت.
رووداو: ئەو خووە ناتەندروستانە چین چرچولۆچیی پێست زیاد دەکەن؟
د. کوردە فەرەیدوون: چەند هۆکارێک هەن بۆ زیادبوونی چرچولۆچیی پێست، دەشکرێت رێگری لەمانە بکرێت بۆ رێگری لە زووچرچبوونی پێست وەکو؛
- گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
- بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر
- بەکارنەهێنانی دژەخۆر
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیکێشان
- خواردنەوەی کحول
- خواردنی خۆراکە خێراکان و شیرینییەکان
- بۆماوەیی
رووداو: چ خۆراکێک هەیە وا لە پێست بکات، درەنگتر چرچولۆچیی تێبکەوێت؟
د. کوردە فەرەیدوون: چەند خۆراکێک هەن کە چرچولۆچبوونی پێست دوادەخەن وەکو؛
- خواردنی سەوزە و میوەکان
- خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین و دژەئۆکسێنەرەکان
- خواردنی ماسی و خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە ئۆمێگا سێ
رووداو: بۆچی ئەکتەرەکانی وڵاتانی ئەورووپا سەرەڕای بەتەمەنییان، پێستیان رێکە و چرچولۆچیی تێدا نییە؟
د. کوردە فەرەیدوون: ئەوان پێستیان چرچولۆچی تێدایە، بەڵام گرنگەکە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سرووشتی دەیکەن و جوانکارییەک دەکەن کە لەگەڵ تەمەنیان بگونجێت و زۆر پێوەیان دیار نەبێت.
رووداو: رێنوێنیت چییە بۆ هاونیشتمانییان بۆ پاراستنی پێستیان لە چرچبوون؟
د. کوردە فەرەیدوون: پێویستە هاونیشتمانییان رۆتینێکی گونجاوی پێستیان هەبێت ئەویش بە پاککردنەوەی دروستی پێست و بەکارهێنانی دژەخۆر لە هاوین و زستانیشدا، بەکارهێنانی شێدارکەرەوەش بۆ پێستی وشک، پاشانیش ئەو کرێمانە زیاتر بەکاربێت کە مادەی ریتینۆڵیان تێدایە، ئەگەریش فیلەر و بۆتۆکس پێویست بێت بۆ لابردنی چرچولۆچیی پێست، بە شێوەیەکی گونجاو بێت و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ بێت، بۆیە نابێت زێدەڕۆیی لە کاری جوانکاریدا بکرێت، چونکە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی روخساری کەسەکە بشێوێت و تەمەنێکی زۆرتری پێوە دیار بێت.