چارەسەرکارێکی سرووشتیی رێکخراوی هێڤی: پێویستمان بە ئەزموونی زیاترە لە بوارەکەماندا
رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی سرووشتیی رێکخراوی ناحکومیی هێڤی کە چەند منداڵێکیان لە دهۆکەوە بردووە بۆ ئیتاڵیا بۆ چارەسەر، دەڵێت: هەر ساڵێک چەندین منداڵ دەنێرینە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی ئەو نەشتەرگەرییانەیان بۆ بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان نین و ئاڵۆزن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-10-2025 ئالان ئیدریس ئەحمەد، چارەسەرکارێکی سرووشتی لە رێکخراوەکە سەرپەرشتی چارەسەری سرووشتی بۆ ئەو منداڵانە کردووە کە لە ئیتاڵیا نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و بە رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەزموونی زیاتری بوارەکە هەیە.
ئالان ئیدریس گوتی، لە ئیتاڵیا بایەخی زۆر بە چارەسەری سرووشتی لە پێش و دوای نەشتەرگەری دەدرێت، بەتایبەت بۆ نەشتەرگەرییەکانی دڵ و چاندنی لوولپێچی بۆ کەسانی نابیست. (چاندنی لوولپێچی واتە دانانی ئەو ئامێرەی کە دەچێندرێت و نێردە دەنگییەکان دەکاتە نێردەی تایبەتی دەماری بۆ ئەوەی کەسەکە بیانبیستێت و لێکیان جیا بکاتەوە کە ناسراوە بە (زراعة القوقعة).
ئەو منداڵانە لە هەردوو نەخۆشخانەی ئیتاڵیا بە ناوەکانی (IRCCS San Donato Polyclinic و Burlo Garofolo Hospital) لەسەر ئەرکی رێکخراوی هێڤی نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و لەژێر چارەسەری سرووشتیدا بوون.
هەر ئەمڕۆ د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی هێڤی بە رووداوی گوت، ''منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ و نابیست دەبەینە ئیتاڵیا بۆ چارەسەر و هەموو کارێکیشیان بە خۆڕاییە''.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی هێڤی لەبارەی تۆمارکردنی منداڵان بۆ هاوکارییەکانیان و چارەسەریان گوتیشی، ''بە سێ شێواز منداڵ وەردەگرین؛ لەڕێگەی سەنتەری دڵ، لەڕیگەی پشکنینی تیمە پزیشکییە ئیتاڵییەکان کە ساڵانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە''.
رێکخراوەکە ئەوەی دووپاتکردەوە، نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی سەرەکیی پڕۆژەکانیانن و هەردەم هاوکار بوون لە سەرجەم خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان.
رێکخراوەکە ئەوەی دووپاتکردەوە، نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی سەرەکیی پڕۆژەکانیانن و هەردەم هاوکار بوون لە سەرجەم خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان.