ڤیدیۆ؛ رزگارکردنی ژیانی منداڵێک کە پارچەیەکی سێو لە قوڕگی گیر بووە لە قەڵادزێ
رووداو - تەندروستی
رزگارکەری ئەو منداڵەی قەڵادزێ کە پارچە سێوێکی لە قوڕک گیربووبوو، دەڵێت: منداڵەکە دەستەکانی شل و روخساری شین بووبووە، چونکە هەناسەی نەدەدا و بە فریاگوزاریی سەرەتایی هەناسەم بۆ گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 شاهۆ مستەفا، کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی و یاریدەدەری پاراستنی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە 29-10-2025 لەکاتی دەوامەکەیدا لە کەرتی تایبەت منداڵێکی نزیک یەک ساڵیان لەناکاو هێناوەتە ئەو دەرمانخانەیەی کاری لێکردووە.
شاهۆ مستەفا روونی دەکاتەوە، منداڵەکە دەستەکانی شل و روخساری شین بووبوو، چونکە هەناسەی نەدەدا و بە گوتەی دایکی، کاتێک سێوی پێداوە، پارچەیەک لە سێوەکە لە قوڕگی گیربووە.
بەگوتەی شاهۆ مستەفا، راستەوخۆ منداڵەکەیان گواستووەتەوە بۆ فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی قەڵادزێ، بەڵام لە رێگەدا فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ ئەو منداڵە کردووە و وایلێکردووە کە بەهۆیش خۆی بێتەوە، بۆیە دەشڵێت: لەو کاتەی هۆشی هاتەوە بەر، لەتێکی بچووکی سێو لە لووتی منداڵەکە پەڕییە دەرەوە و هەناسەدانی بۆ گەڕایەوە.
هەر ئەمڕۆ راستی زوودی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی قەڵادزێ بە رووداوی گوت، ''کە ئەو منداڵە هاتە فریاکەوتن، هەناسەی هەبوو، چونکە دیار بوو کە بە فریاگوزاریی سەرەتایی ژیانی لە مردن رزگار کرابوو بۆیە مەترسییەکەی لەسەر کەمتر بووبووەوە''.
راستی زوودی گوتیشی، پزیشکانی خولاو و کارمەندەکانی فریاکەوتن پارچەیەکی گەورەی سێویان لە قوڕگی منداڵەکە دەرکرد و ئێستاش تەندروستە.
بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ هەرچەندە ستایشی رۆڵی پزیشکانی خولاو و کارمەندەکانی بەشەکەی کرد، بەڵام لەبارەی کێشەیەکیانەوە دەڵێت: تاوەکو ئێستا لە هیچ فریاکەوتنێکی دەڤەری راپەڕین پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن نییە، چونکە بە هەبوونی ئەوان، کارئاسانیی زیاتر بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان دەکرێت.