بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا: پزیشکانی سەدەی 21 دەبێت داهێنان و تەکنەلۆژیا لەباوەش بگرن
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی هەولێری پزیشکی، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پزیشکانی سەدەی 21 نابێت تەنیا کاری پزیشکی بکەن، بەڵکو دەبێت داهێنان و تەکنەلۆژیا لەباوەش بگرن و بەردەوام فێر ببن و توێژینەوە بکەن.
د. ئەمیر عەبدولڕەحمان چالی، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: ''پزیشکی باش تەنیا ئەو پزیشکە نییە کە زانیاریی تازەی بەدەستهێناوە، بەڵکو ئەو پزیشکەیە کە خۆی لەگەڵ جۆرە باوە نوێیەکانی زانستدا بگونجێنێت''.
هاوکات د. هاوڕێ مستەفا، سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشكی داوایەکی ئاڕاستەی دەرچووانی زانکۆکە کرد و گوتی، ''هیوادارم ئەو رێسا و بنەما زانستی و بەها پزیشکییانەی لە کۆلێژ فێریان بوون و ئەمڕۆ سوێندیان پێدەخۆن، هەردەم لەپێش چاوتان بێت و لە ژیاندا پەیڕەویان بکەن''.
ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بۆ زیاتر لە هەزار و 500 دەرچوو بەڕێوەچوو و دەرچووانی دوو خولی زانکۆکە تیایدا بەشدار بوون، د. کاروان محەممەد ئەمین، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی بۆ کاروباری قوتابییان گوتی، بە کۆی هەردوو ساڵەکە هەزار و 657 قوتابی دەردەچن و رێژەیەکی زۆریشیان لە رێوڕەسمەکە ئامادە دەبن.
بەگوێرەی ئامارەکانی زانکۆکە کە تایبەت بۆ رووداو نێردراون، ساڵی رابردوو (ساڵی خوێندنی 2023-2024) 862 خوێندکار لە زانکۆکە دەرچوون و ئەم ساڵ (ساڵی خوێندنی 2024-2025) 795 خوێندکار دەرچوون.
ژمارەی دەرچووانی ساڵی رابردوو و ئەم ساڵی زانکۆی هەولێری پزیشکی، بەم شێوەیەن؛
- کۆلێژی پزیشکیی گشتی (434 دەرچوو)
ساڵی 2023 بۆ 2024 (273 دەرچوو)
ساڵی 2024 بۆ 2025 (161 دەرچوو)
- کۆلێژی پزیشکیی ددان (185 دەرچوو)
ساڵی 2023 بۆ 2024 (80 دەرچوو)
ساڵی 2024 بۆ 2025 (105 دەرچوو)
- کۆلێژی دەرمانسازی (254 دەرچوو)
ساڵی 2023 بۆ 2024 (109 دەرچوو)
ساڵی 2024 بۆ 2025 (145 دەرچوو)
- کۆلێژی پەرستاری (465 دەرچوو)
ساڵی 2023 بۆ 2024 (230 دەرچوو)
ساڵی 2024 بۆ 2025 (235 دەرچوو)
- کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان (319 دەرچوو)
ساڵی 2023 بۆ 2024 (170 دەرچوو)
ساڵی 2024 بۆ 2025 (149 دەرچوو)