وەزارەتی تەندروستی: ئەم ساڵ 87 تووشبووی نوێی ئەیدز تۆمارکراون


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز ئاشکرای دەکات، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەیدز تۆمارکراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە (1-12-2025) لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئەیدزەوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامارە نوێیەکانی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، لە 11 مانگی رابردوودا 609 هەزار و 306 پشکنینی تاقیگەیی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی (HIV) ئەنجامدراون.
 
لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەدا، 87 تووشبووی نوێ دەستنیشانکراون. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەو ژمارەیە 64 کەسیان بیانی و هاووڵاتیی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و، 23 کەسەکەی دیکە هاووڵاتی و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
 
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات "هەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتووی هەرێم لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان." بەگشتی ئێستا 150 هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و بەردەوام چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان پێ دەدرێت.
 
پشکنینەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆ کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو، پشکنینی پێش هاوسەرگیری، کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان، حوکمدراوان، نەخۆشانی گورچیلە، سیل، هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا ئەنجام دەدرێن.
 
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، هەرێمی کوردستان کەمترین تووشبووی هەیە، هۆکارەکەشی بۆ "پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەکان و پتەویی بەرنامەکانی پەتازانی" دەگەڕێنێتەوە.
 
لە جیهاندا زیاتر لە 40 ملیۆن کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن. هەرچەندە نەخۆشییەکە چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆس هەیە کە رێژەی مردن بەم نەخۆشییە 56% کەمکردووەتەوە.
 
وەزارەتی تەندروستی لەم رۆژەدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە ویستی خۆیان پشکنین ئەنجام بدەن و خۆیان لە رەفتارە مەترسیدارەکانی وەک کاری سێکسیی دەرەوەی ژیانی هاوسەری، تاتۆکردن بە دەرزیی پیس و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەدوور بگرن.

زانیاریی زیاتر لەسەر ئامارەکانی ئەیدز بزانە.