زانکۆی کۆڵنی ئەڵمانی هیوایەک بۆ چارەسەری ئەیدز دەگەڕێنێتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی ئەڵمانی دژەتەنێکی کاریگەریان دژی ڤایرۆسی HIV دۆزیوەتەوە، کە لانیکەم لە تاقیگەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و هیوایەک بۆ چارەسەر و خۆپارێزی لە ئایدز دروست دەکات.
تیمێکی توێژینەوە لە نەخۆشخانەی زانکۆی کۆڵن لە ئەڵمانیا، نموونەی خوێنی 32 کەسی هەڵگری HIVیان وەرگرتووە کە جەستەیان بە شێوەیەکی سرووشتی دژەتەنی بەهێزی دژی ڤایرۆسەکە دروستکردبوو.
زانکۆ ئەڵمانییەکە ئاماژە بەوەدەکات زیاتر لە 800 دژەتەنی جیاوازیان لەم نموونانەدا تاقیکردەوە و بۆیان دەرکەوت کە یەکێکیان بە ناوی 04A 06 توانایەکی نایابی هەیە، ئەم دژەتەنە ئەو شوێنەی ڤایرۆسەکە بۆ چوونە نێو خانەکانی جەستە بەکاریدەهێنێت دادەخات و بەمەش رێگری لە تووشبوونی خانەکان دەکات.
د. فلۆریان کلاین، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە رایگەیاند "لە تاقیکردنەوەکاندا، دژەتەنی 04A 06 توانیویەتی 98%ی ئەو 340 جۆرە جیاوازەی ڤایرۆسی HIV کە تاقیکراونەتەوە لەناوبەرێت، تەنانەت ئەو جۆرانەش کە بەرگرییان بەرامبەر دژەتەنەکانی دیکە هەبووە."
د. فلۆریان کلاین دەڵێت "ڤایرۆسی HIV فرەجۆریی بۆماوەیی زۆری هەیە، ئەمەش وایکردووە مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئەستەم بێت."
د. کریستۆف سپینەر، سەرۆکی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی تەکنیکیی میونشن، دەڵێت: "ئەمە تەنیا داتای تاقیگەییە، بۆیە کاریگەرییەکەی ناتوانرێت راستەوخۆ بۆ ژیانی راستەقینە بگوازرێتەوە."