پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی: ئەیدز کوشندە نییە، بەڵکو تەنیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کەسانەی پشکنینی ئەیدز ناکەن لەوانە زۆرترە کە دەیکەن، هۆکارەکەشی بۆ "شەرم و قسەی کۆمەڵگە" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئەو شەرمە وایکردووە نەخۆشییەکە کوشندەتر بێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025 د. دلین حوسێن ئاکرێی، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "زۆرێک لە هاونیشتمانییان لەبەر قسەی کۆمەڵگە و شەرم، پشکنینی ئەیدز ناکەن، بەڵام ئەگەر پشکنین بکرێت، ئەوا جگە لە خۆت کەسانی چواردەوریشت دەپارێزی."
سەبارەت بە رێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV، ئەو پزیشکە پسپۆڕە گوتی، "رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو، نەشتەرگەریی کەسی تووشبوو، گواستنەوەی خوێن، هەروەها لە رێگەی سەرتاشخانە و ئارایشتگەکانیشەوە ئەگەری گواستنەوەی هەیە."
د. دلین حوسێن هۆشداری دەدات و دەڵێت، "پێویستە ئەو موسەی لە سەرتاشخانەکان بەکاردێت، پێشتر بەکارنەهاتووبێت و پێویستە ئامێری پاککەرەوەی تایبەت هەبێت، لە ئارایشتگەکانیشدا پێویستە لە کاتی نینۆککردن یان هەر کارێکی دیکە، مادەی خاوێنکەرەوە بەکاربهێنرێت."
پسپۆڕەکەی پزیشکیی خێزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئێستا ئەیدز نەخۆشییەکی کوشندە نییە، بەڵکو تەنیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە" و چارەسەری هەیە.