دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق: بیمە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، بۆ یەکەمجار بیمەی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن و لە قۆناخی یەکەمدا 300 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن. دەشڵیت، پرۆژەکە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیی عێراق و کەمکردنەوەی خەرجیی هاووڵاتییان، بیمەی تەندروستی رادەگەیێنین، لەبەر ئەوەی 60% تاوەکو 70%ی خەرجییە تەندروستییەکان هاووڵاتییان خۆیان دەیدەن."
لەبارەی وردەکارییەکانی پرۆژەکە، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم خەلەف دەڵێت، "پرۆژەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنیی ئۆنلاینەوە دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بکەن."
لە قۆناخی یەکەم و سەرەتادا بیمەکە لە شاری بەغدا بۆ چەند وەزارەتێکی هەڵبژێردراو دەستەبەر دەکرێت، لەبەر ئەوەی پرۆژەکە گەورەیە، "بۆیە لە سەرەتادا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت و لە قۆناخی یەکەمدا 300 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن."
لەبارەی پێوەرەکانی سوودمەندبوونی هاووڵاتییان لە پرۆژەکە، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، چەند پێوەرێک هەن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە بیمەی تەندروستی سوودمەندبن، سەرەتا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە زۆر پێویستیان پێیەتی و دۆخی داراییان باش نییە.
هەروەک دەشڵێت، "بیمەی تەندروستی، هەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، مەبەست لە کەرتی گشتی، نەخۆشخانە حکومییەکان و کەرتی تایبەتیش نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەگرێتەوە، قۆناخی دواتریش پرۆژەکە لە دەرمانخانە و کلینیکەکانیش دەستەبەر دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکە، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق ئاشکرای دەکات، "لە ئەمڕۆوە ناوەکان تۆمار دەکرێن، دوای شەش مانگی دیکە خزمەتگوزارییەکە پێشکێش دەکرێت، لە قۆناخی دواتردا گشتاندن دەکرێت بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
لەبارەی پاڵپشتیی دارایی و سەرچاوەی دارایی پرۆژەکە، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم دەڵێت، "پرۆژەکە لە چەند رێگەیەکەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و پارەدار دەکرێت، لەوانە: حکومەتی عێراق سەرچاوەی سەرەکیی خەرجکردنی پاڵپشتیی داراییە بۆ پرۆژەی بیمەی تەندروستی و پاشان چەند سەرچاوەیەکی دیکەی (وەرگرتنی 1%ی مووچەی فەرمانبەران، ئەو باجەی لە کارگەکان وەردەگیرێت و باجی سەر بازرگانان و باجی هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان)، هەروەک لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بودجەیەکی باشی بۆ تەرخانکراوە بۆ کەرتی تەندروستی."