پزیشکێکی خۆبەخش لە رۆژئاوای کوردستان: پێداویستییەکانی نەشتەرگەری کەمن یان نین

رووداو - تەندروستی

گرووپێکی پزیشکیی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستانەوە کە لە 18 پزیشکی پسپۆڕ و پەرستار پێکهاتوون، بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 2-2-2026 د. دیاری عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ و یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە، لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "لەسەرەتای هێرشەکانەوە چەند گرووپێکمان دروستکرد یەکێکیان بۆ کۆکردنەوەی دەرمان و هاوکاری، گرووپەکەی دیکەشمان کە لە 16 پزیشکی پسپۆڕ و نیشتەجێی خولاو و 2 پەرستار پێکهاتووە، ئێستا لە رۆژئاوای کوردستانین."
 
د. دیاری عەبدوڵڵا دەڵێت خەڵکی رۆژئاوای کوردستان زۆر خۆشحاڵبوون بە گەیشتنی تیمەکەیان و ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەکی زۆری منداڵ و بەساڵاچوو لە شوێنی بچووکدا کۆبوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەروەها ژمارەیەک بریندار هەن کە پێویستییان بە چارەسەری پزیشکییە''.
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئامادەیی تیمەکەی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەربڕی و گوتی، "داوامان لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان کردووە ئەو نەخۆشانە ئامادە بکەن کە پێویستییان بە نەشتەرگەرییە، بەڵام کێشەی کەمیی ئامێر و دەرمانی نەشتەرگەریمان هەیە و پێویستیمان بە هاوکارییە."
 
بە گوتەی د. دیاری عەبدوڵڵا، رۆژئاوای کوردستان پێویستیی بە پزیشکی پسپۆڕی دیکە هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی "نەشتەرگەریی مێشک و دەمار، قورگ، لووت و گوێ، هەروەها پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون."