نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی: پێداویستی و دەرمانمان بۆ دابین نەکرێت خزمەتگوزارییە ساردەکان رادەگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو دوو هەفتەی دیکە پێداویستییان بۆ دابین نەکرێت، ناچار دەبن هەندێک لە خزمەتگوزارییە ساردەکان کە فریاکەوتن نین، رابگرن.
 
دکتۆر ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8:00 کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات، لەبارەی دۆخی دەرمان لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایگەیاند، "ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە هەیە، پاریش ئەو کێشەیە هەبوو، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا پێمانەوە دیار نەبووە، دەمانتوانی وابکەین کە ئیش نەوەستێت و خزمەتگوزاری لە ئاستێکی باشدا بمێنێتەوە".
 
بە گوتەی دکتۆر ئومێد، هۆکاری کەمبوونەوەی دەرمان لە کۆگاکانی سلێمانی ناڕەزایی کۆمپانیاکانی دەرمانە لە شێوازی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەت هەیانە و دەڵێت، "گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەت، لە سەرەتای ساڵەوە کۆتاییهاتووە، کۆمپانیاکانیش بە تێکڕا بڕیاریانداوە ئەگەر حکومەت بەو جۆرە پارەیان بۆ خەرج بکات و بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین نە گرێبەستەکانیان نوێبکەنەوە و نە پێداویستییەکانی دەرمان بۆ شاری سلێمانی دابین بکەن".
 
لەبارەی کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمان لە نەخۆشخانەکەیان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا گەورەترین کێشەی ئێمە نەبوونی دەستکێش، کەرەستەی دوورینەوەی نەشتەرگەرییەکان، ماددەی پاکژکەرەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک دەرمانی زۆر هەستیار کە خۆی دەبینێتەوە لە دەرمانی ژیانەوە بۆ نەخۆش، پێداویستییەکان کە لەنێو فریاکەوتن بەکاردێن، لەگەڵ هەندێک دەرمانی بێهۆشکەر لە بەشی چاودێریی چڕ و نەشتەرگەرییەکان بۆ رزگارکردنی نەخۆش و خەواندنی نەخۆش بەکاردەهێندرێن".
 
بە گوتەی دکتۆر ئومێد، ئەو پێداویستییانەی ئەوان ئێستا لە بەردەستیاندایە، "رەنگە لە 10 رۆژ بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزینەوە، کێشەیەکی گەورە دروست ببێت و ناچاردەبین هەندێک لە خزمەتگوزارییە ساردەکان کە فریاکەوتن نین، رابگرین. ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامی بە بەشی فریاکەوتن بدەین".
 
زیاتر لە 100 کۆمپانیا بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، ئێستا وەزارەتی دارایی 20 ملیار دینار قەرزداری ئەو کۆمپانیایانەیە.