لە ئوسترالیا منداڵان فێری خواردنی خۆراکی تەندروست دەکرێن
رووداو - تەندروستی
چێشتخانەی قوتابخانەیەکی هەرێمی تاسمانیای ئوستالیا پەیڕەوی سیستمی خۆراکی تەندروست دەکات و ئامانجەکە ئاشناکردنی قوتابییانە بە خۆراکی تەندروست.
نادین دەیڤی، مامۆستا دەڵێت: ''باشترکردنی خۆشگوزەرانی و دەروونی قوتابییەکانمان بە ئامادەکردنی ژەمێکی تەندروست بۆیان، هەمیشە سوودی هەیە''.
ئەو سیستمەی پەیڕەودەکرێت لە قوتابخانەکان ئەم خۆراکە تەندروستانە لەخۆدەگرێت؛ دانەوێڵەی تەواو، میوە، چەرەس و سەوزەکان بە کوڵاوی.
ئەم سیستمە خەریکە لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئوسترالیا پەرەی پێدەدرێت، قوتابی رادەهێندرێت کە گەورەش بوو لەسەر سیستمەکە بەردەوام بێت.
بنیامین ریچاردسۆن کە مامۆستا و توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە دەڵێت: ''ئەمە رێگەیەکە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان قوتابییان لەکاتی ژەمەکاندا باشبێت و وەکو ئەوە وابێت کە لە ماڵەوەن، ئەوە بەباشی کاردەکات''.
ساڵی رابردوو 15 قوتابخانە بەشداری ئەو سیستمی خۆراکییەیان کردووە و ئەمساڵیش 15ـی دیکە بەشداردەبن.
بەپێی کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا، قوتابییان 50٪ـی کالۆریی رۆژانەیان لە خۆراکەکانی قوتابخانە وەردەگرن، هەر بۆیە گرنگە لە قوتابخانە خۆراکی تەندروستیان پێبدرێت.