بە ڤیدیۆ؛ دوای بۆردوومان، پەرستاران منداڵەکانی نێو شووشەی نەخۆشخانەی گاندی لە تاران دەگوازنەوە
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، "نەخۆشخانەی ئەبووزەڕ لە ئەهواز، سێ ناوەندی فریاکەوتن لە سەراب، چابەهار و هەمەدان، هەروەها نەخۆشخانەکانی خاتەم، موتەهەری و گاندی لە تاران، ئەو شوێنە تەندروستیانەن کە لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج''.
نەخۆشخانەی گاندی دەکەوێتە گەڕەکی گاندیی شاری تاران؛ یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکان و چەندین بەشی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەناسە و منداڵبوونی تێدایە.
سەبارەت بە ناوی ئەو ناوەندە تەندروستییانەی زیانیان بەرکەوتووە، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی: "نەخۆشخانەی ئەبووزەڕ لە ئەهواز، سێ ناوەندی فریاکەوتن لە سەراب، چابەهار و هەمەدان، هەروەها نەخۆشخانەکانی خاتەم، موتەهەری و گاندی لە تاران، ئەو شوێنە تەندروستیانەن کە لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج."
هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ئێران لە دوێنێ شەودا بووە و میدیای فەرمیی ئێران چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەشێکی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە و ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکانی دەوروبەری زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانیش بڵاویکردەوە، هێرشەکە دۆخێکی نائاسایی لە نەخۆشخانەکە دروستکردووە و تیمەکان خەریکی گواستنەوەی نەخۆشەکانن بۆ شوێنی پارێزراو.
ئەمەش بزانە
لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لەوانە: عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆن، بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن.