توێژەران لە چین چارەسەری نەخۆشیی شەکرە دەکەن

رووداو - تەندروستی

توێژەران لە چین سەرکەوتنیان لە بەکارهێنانی چارەسەر بە خانەی بنەڕەتی بۆ هەردوو جۆری نەخۆشیی شەکرەی 1 و 2 لە نەخۆشەکاندا راگەیاند.
 
توێژەران لە نەخۆشخانەی شانگهای چانگژێنگ خانە بنەڕەتییەکانیان وەرگرت و لە تاقیگەدا هانیان دان بۆ ئەوەی ببنە خانەی پەنکریاس، کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئینسۆلین، پاشان ئەو خانە دەستکارییکراوانە چێنران بۆ یارمەتیدانی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی سروشتیی ئینسۆلین، لەبەرئەوەی خانە نوێیەکان بۆ کارکردن وەک خانەی پەنکریاسی تەندروست دروستکراون، جەستەی نەخۆشەکە دەیتوانی بە تەنیا شەکری خوێن رێکبخات، بەمەش پێویستی بە ئینسۆلینی دەرەکی نەبوو.
 
نەخۆشخانە چینییەکە ئاماژە بەوە دەکات چارەسەرییەکە بۆ نەخۆشێکی تەمەن 59 ساڵان بەکارهاتووە کە ماوەی 25 ساڵە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمی هەبووە، و ئێستا بۆ ماوەی 33 مانگە پێویستی بە ئەنسۆلینی دەرەکی نییە.
 
دکتۆر ین هاو سەرپەرشتیاری تیمەکەیە لە نەخۆشخانەی شانگهای چانگژێنگ دەڵێت " ئەم یەکەم حاڵەتی سەرکەوتنە هەنگاوێکی گرنگە، بەتایبەت کە زیاتر لە 580 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان نەخۆشیی شەکرەیان هەیە"
 
پێشتر چین پێشکەوتنی لە چارەسەری نەخۆشیی شەکرەی جۆری 1 راگەیاندبوو، کە لەڕێگەی خانەی بنەڕەتی توانییان نەخۆشێکی گەنج دوای ساڵانێک لە بەکارهێنانی دەرزی، دەست بە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی خۆی بکات.