WHO راسپاردە نوێیەکانی بۆ ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی راگەیاند

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راسپاردە نوێیەکانی خۆی بۆ پێکهاتەی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزیی 2026-2027 راگەیاند.
 
د. تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "وەرز لە دوای وەرز، ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا بەردەوام لە گۆڕاندان و لە جیهاندا بڵاودەبنەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جیهانەکەمان چەند پێکەوە بەستراوەتەوە. مەترسییە هاوبەشەکان پێویستیان بە کاری هاوبەشە."
 
WHO رایگەیاند پێکهاتەی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا پێویستە بەردەوام نوێبکرێتەوە، چونکە ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا بەشێوەیەکی بەردەوام خۆیان دەگۆڕن.
 
لە مانگی ئابی 2025، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی A(H3N2) دەرکەوت و بەخێرایی لە جیهاندا بڵاوبووەوە. ئەمەش وایکرد وەرزی ئەنفلەوەنزا لە زۆرێک لە وڵاتان زووتر دەستپێبکات و زۆربەی تووشبوونەکانیش بەهۆی ئەم جۆرە نوێیەوە بوون.
 
راسپاردەکان بۆ وەرزی 2026-2027
 
بۆ ڤاکسینەکانی وەرزی داهاتووی نیوەگۆی باکووری زەوی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم پێکهاتانەی خوارەوەی راسپاردووە:
 
بۆ ئەو ڤاکسینانەی لە هێلکەدا بەرهەمدەهێندرێن:
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی A/Missouri/11/2025 (H1N1)pdm09
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی A/Darwin/1454/2025 (H3N2)
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی B/Tokyo/EIS13-175/2025 (بنەچەی B/Victoria)
 
بۆ ئەو ڤاکسینانەی لەسەر بنەمای خانە، پرۆتین یان ترشی ناووکی بەرهەمدەهێندرێن:
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی A/Missouri/11/2025 (H1N1)pdm09
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی A/Darwin/1415/2025 (H3N2)
ڤایرۆسێکی هاوشێوەی B/Pennsylvania/14/2025 (بنەچەی B/Victoria)
 
نیوەگۆی باکووری زەوی هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، روسیا، کەنەدا، چین، هیندستان و زۆرترین وڵاتە ئەوڕوپییەکان دەگرێتەوە