راهێنەرێکی لەشجوانی: بە کێشی جەستە و بەبێ ئامێر لە ماڵەوە وەرزش بکرێت
رووداو - تەندروستی
مامۆستایەکی زانکۆ و راهێنەری لەشجوانی رایدەگەیێنێت، کەسانی سەرەتایی دەتوانن بۆ ماوەی 30 خولەک لە ماڵەوە وەرزش بکەن تەنیا بە بەکارهێنانی کێشی جەستەیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-4-2026 د. رێبەند کامەران، مامۆستای زانکۆ و راهێنەری لەشجوانی لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، "کۆمەڵێک جووڵە و وەرزش هەیە دەتوانیت لە ماڵەوە تەنیا بەبەکارهێنانی کێشی جەستە سوودی لێببینی، تەنیا بە جوڵانی دەست و قاچ، یان پاڵنان بە دیوار دەتوانیت وەرزش بکەیت."
دکتۆر رێبەند کامەران نموونەیەک بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی پشت باسدەکات و دەڵێت، "کۆمەڵێک جووڵە هەیە وەک دەستەکان و قاچ لە زەوی دابنرێت، دواتر راکێشانی قاچ بۆ دواوە، بەمەش ماسولکەکانی پشت بەهێز دەکات و زیان بە بڕبڕەی پشت ناگات."
لە کۆتاییدا، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر باشە سترێچینگ (راهێنانی کشاندن) بکرێت بۆ ساردکردنەوە و ئارامکردنەوەی جەستە.