پێش چاندنەوەی ددان، ئەمانە بزانە

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی دەم و چاندنەوەی ددان باسی چەند هەڵەیەکی باو دەکات بۆ چاندنەوەی ددان بەجۆرێک کە پڕۆسەکە سەرکەوتوو ناکات و کێشەی بۆ دروستدەکات.
 
دکتۆر بەسۆز یونس، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی دەم و چاندنەوەی ددان بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری ئەوانەی چاندنەوەی ددانەکانیان کێشەی تێدەکەوێت ئەوەیە کە کەسەکە دوای پڕۆسەوکە چەند هەڵەیەکە دەکات کە باوترینی (جگەرەکێشان و نەشۆردنی دەم و ددانەکانە).
 
دەقی وەڵامەکانی ئەو پزیشکە لەبارەی چاندنەوەی ددان
 
رووداو: باوترین ئەو هەڵانە کامانەن کە خەڵک دەیکەن دوای ئەوەی ددانەکانیان بۆ دەچێندرێتەوە؟
 
دکتۆر بەسۆز یونس: بەهۆی هەڵەکانی دوای چاندنەوەی ددان ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆسەکە کەم دەبێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنیش زیاد دەبێت. باوترین ئەو هەڵانەی کە چارەخواز دوای چاندنەوەی ددان دەیکاتە بریتین لەمانە؛
 
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- نەشۆردنی دەم و ددانەکان
- خواردنی خۆراکی رەق بە ددانە چاندراوەکان (ماوەیەک لەدوای چاندنی ددان)
- پشتگوێخستنی دووبارە سەردانکردنەوە بۆ لای پزیشک
 
رووداو: ئایا جیاوازیی نرخەکان بۆ چاندنەوەی ددان مانای چی دەگەیێنێت؟ نرخی گران مانای چاندنێکی باشە؟
 
دکتۆر بەسۆز یونس: جیاوازی لە نرخەکان پەیوەندیی بە کواڵیتیی مادەکان و ئەزموونی پزیشکەکەوەیە، هەندێک چاندنەوە هەن کە پێویستە ئێسکی دەستکردی بۆ دابنرێت کە لێرەدا نرخەکەی گرانتر دەبێت، دواتریش جۆری ئەو مادەیەش جیاوازە کە ددانەکەی لێ دروستدەکرێت و ئەمەش نرخەکەی دەگۆڕێت. بەڵام مەرج نییە کە نرخزۆری مانای سەرکەوتنی پڕۆسەکە بێت.
 
رووداو: پێویستە ئەوەی چاندنەوەی ددانی بۆ دەکرێت چی بزانێت پێش پڕۆسەکە؟ 
 
دکتۆر بەسۆز یونس: پێویستە پێش چاندنەوەی ددان، چارەخواز دەم و ددانی پاک رابگرێت و پێویستیشە بزانێت کە ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە کات هەیە تاوەکو ددانە چاندراوەکان لەگەڵ ئێسکی کەسەکە یەک دەگرێت، ئەگەر نەخۆشیی درێژخایەنیشی هەبێت کاریگەریی دەبێت.
 
رووداو: چاندنەوەی ددان لە چ تەمەنێکدا ئاساییە بکرێت و لە چ تەمەنێکیشدا ناکرێت؟
 
دکتۆر بەسۆز یونس: چاندنەوەی ددان بۆ خانمان لەدوای 18 ساڵییەوە و بۆ پیاوان لەدوای 20 ساڵی ئاساییە بکرێت. بەتایبەت گرنگترین مەرج ئەوەیە کە گەشەی ئێسکی شەویلگەی کەسەکە وەستا بێت.
 
رووداو: باوترین ئەو هۆکارانە چین کە خەڵک ددانەکانیان لەدەستدەدەن و دەبێت ددانیان بۆ بچێندرێت؟
 
دکتۆر بەسۆز یونس: سەرەکیترین هۆکار بۆ لەدەستدانی ددانەکان ئەمانەن؛
 
- نەخۆشییەکانی پووک
- زۆریی ژمارەی ددانە کلۆرەکان
- داخورانی پووک
- کەوتنی ددانەکان بە هۆکاری دیکە