کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان: ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکی پزیشکی بێت
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان رایدەگەیێنێت، پێویستە هەموو بەرهەمێکی پزیشکی ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان پێوە بێت کە ئەمە جگە لە دەرمان، کەلوپەل و پێداویستیی پزیشکیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-4-2026 دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لە ساڵی 2023ـەوە و لە سەرەتای پڕۆژەی بەستیکەرکردنی دەرمان هەبووە، بەڵام ئێستا دوای ستیکەری دەرمان، قۆناخی لێدانی ستیکەر لە کەلوپەل و پێداویستییە پزیشکییەکان جێبەجێ دەکرێت.
ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بەرهەمی (دەرمانخانە، کۆگەی دەرمان، شوێنەکانی پێداویستیی پزیشکی، پێداویستیی تاقیگەیی، پێداویستیی ددانسازی و چاویلکەسازی) هەبێت.
ئەوەشی دووپات کردەوە، لەکاتی سەردانیکردنی تیمەکانیان بۆ ئەو ناوەندانە، لە ئەگەری بوونی هەر بەرهەمێکی نافەرمی و بێستیکەر، رێکاری یاسایی تووند دەگیرێتەبەر.
ئەوەشی گوت ''هەر بەرهەمێکی پزیشکی ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی عێراقی پێوە بێت، دەبێت ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیشی پێوە بێت و بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا بڕوات، چونکە ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە هەرێمی کوردستان باوەڕپێکراو نییە''.