هەفتەی داهاتوو پزیشکانی خولاوی بەریتانیا بایکۆت دەستپێدەکەن

رووداو - تەندروستی

سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا لە 7ـی ئەم مانگەوە مانگرتنی پزیشکانی خولاو رادەگەیێنێت، ئەمە دەبێتە پانزەمین مانگرتن لە ساڵی 2023ـەوە کە داواکارییەکانیان زیادکردنی ستافی پزیشکی و زیادکردنی مووچەی مانگانە و کەمکردنەوەی ژمارەی کارکردنی ستافە پزیشکییەکان بووە.
 
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا دەبوو بەو مەرجە رازیبێت کە ئەم ساڵ مووچەکان بە رێژەی 3.4٪ بەرز بکرێنەوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە. بەڵکو سەندیکاکە داوای ئەوە دەکات کە مووچەی پزیشکان و کارمەندی تەندروستی وەکو ساڵی 2008ـی لێبێت و 26٪ بەرز ببێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەی رەتکردووەتەوە کە پزیشکی نوێی خولاو لە کەرتی تەندروستیدا راهێنانیان پێبکرێت و وەربگیرێن، بەجۆرێک هەزار کورسیی راهێنانی بۆ ئەو پزیشکانە کشاندەوە، ئەمەش سەندیکای پزیشکانی تووڕەکرد و بووە مایەیە ئەوەی، مانگرتن رابگەیێنن.
 
د. جاک فلێچەر، سەرۆکی لیژنەی پزیشکانی خولاوی سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا دەڵێت: حکومەت مەرجەکانی دانووستاندنی گۆڕیوە و ئێمە هەمیشە بەردەوامین بۆ گفتوگۆی بەسوود.
 
مانگرتنەکە چۆن دەبێت؟
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە بەریتانیا لە کاژێر 7:00ـی رۆژی 7-4-2026 دەستپێدەکەن تاوەکو کاژێر 7:00ـی رۆژی 13-4-2026، بەڵام کە چارەسەرکردنی دۆخە فریاگوزارییەکان بەردەوامن و لەنێو بنکە و بەشەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان بایکۆت ناکەن.
 
ئەمەش بزانە
 
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو نزیکەی نیوەی کارمەندانی پزیشکی لە ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی NHS بەریتانیا دەرگرنەوە.