لە تایوان فرۆشتنی ئیندۆمی قەدەخەدەکرێت

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسانی خۆراک لە تایوان فرۆشتن و کڕینی جۆرە جیاوازەکانی ئیندۆمی قەدەخەدەکەن، بەهۆی ئەوەی کە مادەیەکی تێدایە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەستیاری زیاددەکات. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی تایوان رایدەگەیێنێت، جۆرە جیاوازەکانی ئیندۆمی کە یەکێکە لە خۆراکە خێراکان و خواستێکی زۆری لەسەرە، مادەیەکی ژەهراوی تێدایە بە ناوی 'ئۆکسیدی ئیسایلین' کە دەبێتەهۆی بازدان لە جینەکان پاشانیش شێرپەنجە و دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری لەسەر پێست و چاو.  
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی دەکاتەوە، ئەو کۆمپانیایەی ئەو جۆرە ئیندۆمییە دروستدەکات ئیندۆنێزییە و ئەو مادە کیمیاییە هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن و لیمفە گرێیەکان، مادەکە لە پاکەتەکانی جۆری ئەیام سپێشەڵی کۆمپانیای ئیندۆمیدا دۆزراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ناوەندێکی توێژینەوەی وڵاتەکە، نزیکەی 88٪ـی خەڵکی تایوان ئیندۆمی دەخۆن، هاوکات بەرهەمی کۆمپانیا ئیندۆنێزییەکە هەناردەی زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان دەکرێت وەکو وڵاتانی 'ئوسترالیا، کۆریا، سعودیە، ئەمریکا و نیوزلاند...'.
 
چین یی تینگ، بەڕێوەبەری تەندروستیی خۆراک و دەرمان لە تایوان دەڵێت: ''فەرمانی قەدەخەکردنی سەرجەم بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە دراوە و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات بە بڕی 60 هەزار یوان بۆ 200 ملیۆن یوان سزادەدرێت.'' 
 
دوای هەواڵەکەی تایوان، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی مالیزیاش پشکنینی بۆ چەند بەرهەمێکی هاوشێوە کرد و دەرکەوت، بەرهەمەکانی پاستای 'ئەهلای وایت'ی مالیزیش مادەی 'ئۆکسیدی ئیسایلینی' تێدا دۆزراوەتەوە، بەجۆرێک لە 36 نموونەی پاستاکە 11 دانەیان مادە ژەهراوییەکەی تێدابووە.
 
هاوکات دوای پشکنینی بەرهەمەکانی کۆمپانیا ئیندۆنێزییەکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی و ئاژانسی خۆراک و دەرمانی وڵاتەکە، رایانگەیاند کە ''ئیندۆمییەکانیان سەلامەتن و هیچ کێشەیەک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیا ئیندۆنێزییەکە نییە''، بەڵام تائێستا لە تایوان بەرهەمەکان قەدەخەکراون و لە مالیزیاش سنووردارکراون.
 
بەگوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، مادەی ئۆکسیدی ئیسایلین لە چەندین بەرهەمی خۆراکیی ئەمریکا و کەنەدادا هەیە، بەڵام بە رێژەیەکی دیاریکراو، چونکە زۆرجار لەکاتی گواستنەوە و کۆگاکردندا تێکەڵ بە بەرهەمەکان دەبێت، هەروەها وەکو پارێزەرێک لە تێکچوون و زیندەوەرە وردبینەکان لە خۆراکەکاندا بەکاردێت.''