د. ماجد شنگالی: لە عێراق بودجەی تەرخانکراو بۆ تەندروستیی تاک کەمە
رووداو - تەندروستی
د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت: کێشەی کەمیی دەرمان لە عێراق، حکومەتە، چونکە هەر کەسێک ساڵانە 40 هەزار دینار لە بودجەی تەندروستی بەردەکەوێت و ئەوەش زۆر کەمە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی بەردەم کەمیی دەرمان لە هەرێمی کوردستان باس دەکرێن و وردەکاریی بیمەی تەندروستی دەخاتەڕوو، ئەوەش ئاشکرا دەکرێت، 60٪ـی بودجەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبری ئەوەی بۆ پێشگیریکردن و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دابینبکرێت، بۆ مووچەدانی فەرمانبەران تەرخان کراوە.
دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکاری تەندروستیی رووداو هەڤپەیڤینەکەی پێشکێشکرد و ئەوەی پرسی کە کێشەی کەمیی دەرمان بۆچی تاوەکو ئێستا بەردەوامە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟ لە وەڵامدا د. ماجد شنگالی گوتی، ''حکومەت هۆکاری سەرەکییە، چونکە بودجەی کەم بۆ دەرمان تەرخان کراوە و لە هیچ شوێنێک نییە ساڵانە 40 هەزار دینار بۆ تەندروستیی هەر تاکێک تەرخان کرابێت، ئەمڕۆ 5٪ـی بودجە بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان کراوە کە پێویستە ئەو رێژەیە 18٪ بێت''.
لە بەشێكی قسەکانیدا، د. ماجد گوتیشی، تەندروستیی عێراق نزیکەی 600 هەزار فەرمانبەری هەیە و بەداخەوە 60٪ـی بودجەکەی بۆ مووچەدانی فەرمانبەرانە.
تای خوێنبەربوون ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشبووی تۆمارکراوە. بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق، تای خوێنبەربوون لە عێراق کۆنترۆڵ ناکرێت، "چونکە هاوئاهەنگیی لەنێوان وەزارەتەکان نییە و کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون بە لەنێوبردنی گەنە دەبێت."
شنگالی گوتی، ''گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی بڵاوبوونەوەی ساڵانەی تای خوێنبەربوونە، بەهۆی کەمیی ژمارەی پزیشکانی ڤێرتێرنەری نەخۆشییەکە بە زەحمەت کۆنترۆڵ دەکرێت.'' هەروەها ئاماژەی بە گرنگی هاوئاهەنگیی بازگەکان لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەت کرد لە رێگریکردن لە هاوردەی ئاژەڵ.
لەبارەی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەدا، عێراق ساڵانە 35 هەزار دیناری بۆ هەر تاکێک داناوە لە تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بودجەی ساڵانەی تەرخانکراو بۆ تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 200 ملیار دینارە.
ئەو رۆڵی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO بەرز دەنرخێنێت لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و دەڵێت، (WHO) لە عێراق زۆر چالاکە و پڕۆگرامی جیاوازی هەیە بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان.
وەکو شنگالی باسی دەکات، بایەخدان بە چاودێریکردنی تەندروستی لە عێراق زۆر لاوازە و پێویستە خەڵک هۆشیاریی تەندروستییان بەرز بکەنەوە، ''چونکە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن''.