نەخۆشخانەکانی لوبنان گوشارێکی زۆری بریندارانیان تێدا ماوە
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەکانی باشووری لوبنان بەهۆی گوشاری دوولایەنەی بریندارانی جەنگ و ئاوارەبوونەوە، رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە و توانایان کەم بووەتەوە.
دکتۆر وائیل مرۆیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەبەل عامل لە لوبنان دەڵێت "بەداخەوە، ئازارێکی زۆر هەبوو و هێرشەکان زۆر قورس بوون، لە جەنگی ساڵی 2024 تووندتر بوون. گوێمان لە دەنگی هێرشەکان بوو لە دەوروبەرمان؛ زۆر تووندتر بوون''.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی جەنگەکەوە گەیشتووەتە دوو هەزار و 618 کەس و هەشت هەزار و 94ـیش بریندار بوون.
هاوکات جەنگی ئەمجارەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس و زیانی بە بەهای ملیاران دۆلار گەیاندووە.
ئاگربەستێکی 10 رۆژە کە لە واشنتن راگەیێندرا، لە 17ی نیسان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. دواتر ئاگربەستەکە بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە.