سیستمێکی رۆبۆتیی نوێ بە زیرەکیی دەستکرد سۆنەری دڵ ئەنجام دەدات

رووداو - تەندروستی

توێژەران لە کەنەدا سیستمێکی رۆبۆتیی نوێیان پەرەپێداوە کە بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە دەتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پشکنینی سۆنەری دڵ ئەنجامبدات.
 
توێژەران لە زانکۆی کۆنکۆردیا ئاماژە بەوەدەکەن، بۆ راهێنانی سیستمەکە ژینگەیەکی ھاوشێوەی راستییان بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردی بەرهەمهێنەر (GenAI) دروستکردووە، ئەمەش وا دەکات سیستمەکە بە سەلامەتی و خێرایی راهێنان بکات پێش ئەوەی لەسەر ئامێر بەکاربهێندرێت، لە کاتی تاقیکردنەوەدا لەسەر فانتۆمێکی راهێنانی سۆنەری دڵ، سیستمە زیرەکەکە توانیویەتی خێراتر و وردتر لە کارپێکەری مرۆیی (لەکاتی کۆنترۆڵکردنی لە دوورەوە) وێنە ستانداردەکانی دڵ بدۆزێتەوە.
 
زانکۆ کەنەدییەکە ئاشکرای دەکات ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت پشکنینی دڵ لە ناوچە دوورەدەستەکان و بۆ ئەو کەسانەی خزمەتگوزاریی تەندروستییان کەمە بەردەست بکات، ماندووبوونی کارمەندان کەمبکاتەوە و کواڵیتی پشکنینەکان ستاندارد بکات.
 
توێژەران لە زانکۆی کۆنکۆردیا رایانگەیاند بە شێوەیەکی ئاسایی پشکنینی سۆنەر بەتایبەتی بۆ دڵ، پێویستی بە پسپۆڕی شارەزا هەیە بۆ دانان و جوڵاندنی وردی پرۆبەکە، بەڵام ئەم سیستمە نوێیە لەبری پسپۆڕی مرۆڤ، پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت بۆ جوڵاندنی قۆڵێکی رۆبۆتەکە، ئامانج لێی دۆزینەوەی گۆشەی وێنەگرتنی گونجاوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.