توێژینەوەیەک: لەوانەیە پێش لەدایکبوون چارەسەری جۆرێکی فێی منداڵان بکرێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی پێشنیاز دەکات کە چارەسەرکردنی جۆرێکی دەگمەنی فێی منداڵان دەکرێت لە کاتی دووگیانیدا دەستپێبکات، واتە زۆر پێش دەرکەوتنی نیشانەکان.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی نۆرس وێستەرن لە ئەمریکا لەسەر جۆرێکی دەگمەن، توند و بەرگریی لە چارەسەری فێ ئەنجامدراوە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە جینێکدا بەناوی KCNT1 روودەدات، ئەگەر چارەسەرەکە زۆر زوو بدرێت لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی مێشکی گەشەکردوو لە وروژاندنی زیاد لە پێویست و کەمکردنەوەی زیانە درێژخایەنەکانی دەمارەکان.
 
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات خانە وەرگرەکانی مێشکی منداڵی تووشبوو، چالاکییەکی کارەبایی زیاد لە پێویست بەرهەمدەهێنن، ئەمەش هۆکارێکی گرژبوونەکانە، پاشان چارەسەری RNAـیان بەکارهێنا کە بە (ASO) ناسراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی چالاکیی KCNT1 بوو، چارەسەرەکە سەرکەوتووانە توانیی لێشاوی کارەبایی نائاسایی لە خانە دەمارییە وروژێنەرەکاندا کەمبکاتەوە، هەروەها چارەسەرەکەیان لەسەر خانەی گەشەکردووی مێشکی مرۆڤ کە هاوتای ناوەڕاستی دووگیانی بوو (15 بۆ 21 هەفتە) تاقیکردەوە و بۆیان دەرکەوت کە لەم قۆناخە سەرەتاییەشدا وروژاندنی زیاد لە پێویست کەمدەکاتەوە.
 
د. ریچارد سمیپ  سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نۆرس وێستەرن دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە باشتر لەو گۆڕانکارییانە تێبگەین کە لە مێشکی کۆرپەلەدا روودەدەن و دەبنە هۆی کێشە، بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری وا دابین بکەین کە رێگری لە زیانەکان بکات و مێشک بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات."
 
فێی پەیوەست بە KCNT1 کار لە نزیکەی 3 هەزار کەس دەکات لە سەرانسەری جیهاندا منداڵانی تووشبوو رۆژانە تووشی دەیان یان سەدان گرژبوون دەبن، زۆرجار وەڵامی چارەسەرە ستانداردەکان نادەنەوە و مەترسیی مردنی پێشوەختیان لەسەرە.