لە تایوان خواستی بەساڵاچووان بۆ راهێنان لە هۆڵەکانی وەرزشی زیاد بووە

رووداو - تەندروستی

یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی تایوان تەمەنیان سەروو 65 ساڵە، بەساڵاچووانی وڵاتەکە دەیانەوێت ئەو تەمەنەشی کە ماویانە بە تەندروستییەوە بەسەری ببەن و روویان کردووەتە هۆڵەکانی وەرزشی.
 
چێن یو مەیی 91 ساڵە و هێزێکی باشی هەیە و بە ئاسانی کێشی زیاتر لە 45 کیلۆگرامی بەرز دەکاتەوە. سەرەڕای تەمەنەکەی، کۆڵی نەداوە و دەیەوێت ماسوولکەکانی هەمیشە بە بە‌هێزی بمێننەوە.
 
چێن یو مەی، بەساڵاچوویەکی وەرزشڤان دەڵێت ''لەماڵەوە ئەرکی زۆرم لەسەرە و جەستەم ماندووە. خوشکەکەم لێرە ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و هانیدام بێمە ئێرە راهێنان بکەم، تەنانەت هاوژینەکەشم کە لە کۆتایی ژیانیدایە داوای لێکردم راهێنان بکەم، چونکە نیگەرانە لەوە نەتوانم پشت بە خۆم ببەستم، بۆیە بڕیارمداوە بە تەندروستی بمێنمەوە''.
 
لەم سەنتەرە چەندین بەساڵاچوو هاتوون و راهێنان دەکەن. زۆر دڵخۆشن و دەیانەوێت بەساڵاچوونێکی تەندروستیان هەبێت.
 
یەعقوب چیو، ر‌اهێنەری وەرزشی لە شاری تایپێ لە تایوان دەڵێت: بەپێی پێویستیی قوتابییە بەساڵاچووەکانم راهێنانیان پێدەکەم، جا ئەگەر پێویستیان بە بەهێزکردنی ئەژنۆ بێت یاخود پشتئێشەیان هەبێت. هەرچەندە راهێنان ناتوانێت نەخۆشییەکەیان چارەسەر بکات، بەڵام یارمەتیدەر دەبێت کە نیشانەکانیان کەمتر ببنەوە، ماسوولکەکانیان بەهێز بێت و ئازاری ئەژنۆیان نەمێنێت.
 
راهێنان بۆ بەساڵاچووان، مەترسیی 10 نەخۆشی لە تەمەنەکەیان کەم دەکاتەوە، بەتایبەت کەوتن کە 25٪ـی بەساڵاچووان تووشیان دەبێت.