سەرپەرشتیاری تەندروستیی حاجییان: 25 پزیشک و کارمەندی تەندروستی چاودێریی تەندروستیی حاجییان دەکەن

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی شاندی حاجییانی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە پێنج هەزار حاجیی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە سعودیە و 25 پزیشک و کارمەندی تەندروستی چاودێریی دۆخی تەندروستیی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
د. کامەران مەلا محەممەد، سەرۆکی شاندی حاجییانی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، 25 پزیشک و کارمەندنی تەندروستیان بردووە و چاودێریی تەندروستیی زیاتر لە پێنج هەزار حاجی دەکەن، کە رۆژانە نزیکەی 200 حاجی سەردانی نۆرینگەکان دەکەن لەو هۆتێلەی کە حاجییانی تێدا دەمێننەوە.
 
د. کامەران مەلا محەممەد دەڵێت: زۆرینەی بەتەمەنن و زۆرجار تووشی ئەنفلەوەنزا و پەتای وەرزی دەبن، چونکە بەرگریی جەستەیان لاوازە یاخود تووشی گرژبوونی ماسوولکەکان دەبن.
 
ئەوەشی باسکرد کە ئێستا دۆخی سەرجەمیان باشە و هیچیان بەو شێوەیە نین کە بەهۆی نالەباریی تەندروستییانەوە رێوڕەسمەکانی حەج نەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 1ی حوزەیرانی 2025، بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 400 هەزار کەس بۆ بەجێگەیاندنی حەج چوونەتە مەککە. دەشڵێن، پێشبینی چوونی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی سعودیە، پار هەزار و 301 کەس لەکاتی رێوڕەسمی حەج دا مردن. هۆکارەکەی بۆ بەرزیی پلەی گەرما و زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی بەشداری حەجیان کردبوو، گەڕێندرایەوە. ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا، شەش حاجی مردوون.