لە سنووری سلێمانی بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی خولاوەوە بەشەکانی فریاکەوتن کەوتوونەتە مەترسییەوە

رووداو - تەندروستی

بەشێکی زۆری پزیشکانی خولاو لە سلێمانی بایکۆتی کاریان راگەیاندووە و بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی شارەزوور رایدەگەیێنێت، بەهۆی بایکۆتەکەوە ئێستا کەیسە ساردەکان وەرناگرن و زۆرینەی کەیسە بەپەلەکانیش بۆ سلێمانی دەنێرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 2-6-2025 سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە رووداوی راگەیاند، نۆ پزیشکی خولاو لە نەخۆشخانەکەیان هەن و بایکۆتیان کردووە، بەو هۆیەوەشەوە کەیسە ساردەکان کە فریاکەوتن نین، کەس نییە بیانبینێت و گوشاری زۆریش لەسەر بەشەکەیان دروست بووە.
 
سامان سابیر گوتی، ''بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی خولاوەوە ناچارین زۆرینەی نەخۆشە بەپەلەکان بنێرین بۆ فریاکەوتنی سلێمانی''.
 
بەرپرسی بەشی هەناو و د. ئەحمەد سەعید، پسپۆڕی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی جەختیان لەوە کردەوە، گوشار لەسەر کارمەندانی سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکە دروست بووە، چونکە نزیکەی 250 پزیشکی خولاو بایکۆتی کاریان راگەیاندووە و دەوام ناکەن.
 
لە هەڵەبجەش فەرحان حەمەخان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، مانگانە 12 پزیشکی خولاو هەن و هەرچەندە ئەوان لە سەروبەندی بایکۆتدان، بەڵام کەمیی رێژەیان کاریگەریی لاوەکیی لەسەر خزمەتگوزارییەکان کردووە.
 
وردەکاریی بایکۆتەکە
 
دوێنێ یەکشەممە 1-6-2025 نوێنەرانی پزیشکانی خولاوی ساڵی دووەم و بەشێک لە پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە سلێمانی گردبوونەوە و لە راگەیێندراوێکی پزیشکانی خولاودا هاتووە، ماوەی یاسایی کارکردنیان وەکو پزیشکی خولاو تەواو بووە و چیدیکە لە نەخۆشخانەکان کار ناکەن.
 
بەگوتەی خۆیان، زیاتر لە دوو ساڵە لەنێو نەخۆشخانەکان خزمەت دەکەن، ئێستاش دەبێت ناونیشانی کاریان لە پزیشکی خولاوەوە بەرز بکرێتەوە بۆ پزیشکی پلەبەند، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی 2024، ئەوانیش هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
 
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواو بوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
 
بەڵام ئێستا پزیشکی خولاو ناتوانن ببنە پزیشکی پلەبەند، چونکە پزیشکی نوێ دانەمەزراون بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە.