''کەڕووی نەفرەتی فیرعەون'' بۆ چارەسەری شێرپەنجە تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی

زانایانی زانکۆی پێنسیلڤانیای ئەمریکا کار لەسەر ئەو جۆرە کەڕووە دەکەن کە ناسراوە بە ''نەفرەتی فیرعەون'' و بە گۆڕانکاریی جین و پێکهاتەکانی کەڕووەکە، چارەسەری دژەشێرپەنجەی لێدروست دەکەن.
 
د. شوێ گاو، سەرۆکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: ''کەڕووی ئەسپەرجیلەس فلاڤەس 'Aspergillus flavus' بەکاردەهێنین بۆ چارەسەری شێرپەنجەی خوێن''. ئەمەش دوای ئەوەی پێکهاتەیەکیان لەنێو کەڕووەکە بە ناوی RiPPs دۆزیوەتەوە کە دژەشێرپەنجەیەکی چالاکە.
 
دۆزینەوەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە لە گۆڤاری Nature Chemical Biology بڵاوکراونەتەوە.
 
تایبەتمەندیی کەڕووەکە
 
بەپێی مایۆکلینیک، کەڕووی 'Aspergillus flavus' بۆ کەسانی تەندروست نابێتە جێی مەترسی، بەڵام ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە یاخود دەرمانەکانی کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنن، دەشێت ئاڵۆزی دروست بکات وەکو 'هەستیاریی تووند، هەناسەتەنگی، خوێنبەربوون، هەوکردنی پەردەی مێشک و دڵ و ئاوسانی گورچیلەکان'.
 
بۆچی پێی دەگوترێت 'کەڕووی نەفرەتی فیرعەون'؟
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکانی زانکۆی پێنسیلڤانیا، دوای ئەوەی شوێنەوارناسان لە ساڵانی 1920ـەکاندا گۆڕی شا توت ئانخ ئاموونیان کردەوە، چەند ئەندامێکی تیمەکە پاش ماوەیەک گیانیان لەدەستدا، لەو رۆژەوە دەنگۆی ''نەفرەت'' بڵاو بووەوە، پاشان ئەمە لە ساڵانی حەفتاکان روویدایەوە و ئەمجارە دوای هەڵکەندنی گۆڕێکی دیکەی فیرعەونەکان لە پۆڵەندا، 10 کەس لە تیمەکە گیانیان لەدەستدا. دەرکەوت لە پشکنینەکان، سپۆڕی کەڕووی ئەسپەرجیلەس دۆزرابووەوە. هەر بۆیە ئەو کەڕووەش ناونرا ''کەڕووی نەفرەتی فیرعەون''.