بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ پیاوان هاوشێوەی خانمان تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون دەبن

رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی خەمۆکیی دوای منداڵبوون بوو و باسی کاریگەریی خەسوو و زەزوریش کرا لەسەر ئەو خەمۆکییە. پسپۆڕێک دەڵێت: کەمبوونەوەی پاڵپشتیی دەروونیی خانمان لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، خەمۆکیان دەکات.
 
د. وارژین یاسین، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان میوانێکی بەرنامەکەیە و دەڵێت: پیاوان هاوشێوەی خانمان تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون دەبن، هۆکارەکەش بۆ هەستکردن بە زیادبوونی بەرپرسیارێتی دەگەڕێتەوە.
 
د. جوان دەخیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون باس لە نیشانەکانی خەمۆکیی دوای منداڵبوونی خانمان دەکات وەکو ' شیرنەدان بە منداڵ و بایەخنەدان بە کۆرپە، هەستکردن بەوەی خانمەکە بایەخی کەم بووە، تێکچوونی ئاوەز و شەڕکردن و بێزاری لەگەڵ هاوژینەکەی'.
 
د. جوان دەخیل ئەوەش باس دەکات، خەمۆکیی دوای منداڵبوون لە منداڵبوونی یەکەم زۆرە و زیاتریش لە گەنجاندا هەیە.
 
نارین ئەحمەد، چارەسەرکاری دەروونی میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە و گوتی، جۆش و خرۆشی هەمیشەیی هاوشێوەی خەمگینیی بەردەوام ئاسایی نییە، هەروەها رەنگە زۆرپێکەنین شاردنەوەی راستییەکان بێت.
 
ئەوەش باس دەکات کە مەرج نییە نەگریان هێمای ئازایەتی و بەهێزی بێت و خەم و بێتاقەتی بەشێکن لە مرۆڤ، بەڵام نابێت زیادەڕۆییان تێدا بکرێت.
 
سەرجەمیان پاڵپشتیکردنی خێزان و بەتایبەتیش لەنێوان هاوژینان بە رێگەی کاریگەر دادەنێن بۆ پێشگیریکردن لە خەمۆکیی دوای منداڵبوون و ئەوەش پێشنیاز دەکەن کە ئەگەر کێشە دەروونییەکە درێژەی کێشا، ئەوا پزیشک و کەسی شارەزای دەروونی ببیندرێت، چونکە ''کێشە دەروونییەکان زوو چارەسەر نەکرێن، دەکرێت ببنە درێژخایەن و مەترسی''.