جۆرێکی شێرپەنجە ساڵانە ملیۆنێک و 370 هەزار کەس دەکوژێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕان هۆشداری لە زیادبوونی جۆرێکی شێرپەنجە دەدەن، بەجۆرێک ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.
توێژینەوەیەکی گۆڤاری لانسێت ئاشکرای دەکات، تووشبووانی شێرپەنجەی جگەر تاوەکو 25 ساڵی دیکە، دوو هێندە دەبێت و رەنگە بگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار تووشبوو و ملیۆنێک و 370 هەزار گیانلەدەستدان لە ساڵێکدا.
د. ئەحمەد کالەبی، پسپۆڕی نەخۆشیزانی لە کینیا دەڵێت: ''ئێمە رۆژانە دەبینین کە ژمارەی ئەو حاڵەتانەی کە بە بێ نیشانە شێرپەنجەیان لێدەستنیشان دەکرێت زیاد بووە، لە ئەنجامی ئەوەی کە دێن بۆ پشکنینی پێشوەختە و تەندروستییان، پێویستە هۆشیاریی تەندروستی زۆر زیاتر بکەین بۆ ئەوەی خەڵک پشکنینی پێشوەختە بکەن و شێوازی ژیانیان بگۆڕن. ئەگەر نەیکەین، باجێکی گەورە لە داهاتوودا دەدەن''.
ئەوانەی زۆرتر ئەگەری تووشبوونیش زیاد دەکەن ئەمانەن؛ 'خواردنەوەی کحول، کۆبوونەوەی چەوریی جگەر و تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر'.
پڕۆفیسۆر هاشم ئەلسیراج، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جگەر دەڵێت: ''هەژمارکردنی شێرپەنجەی جگەر وەکو کێشەیەکی جیهانی پێموانییە گەیشتبێتە ئاستی مەترسیی تەندروستیی گشتی وەکو شێرپەنجەکانی کۆڵۆن و سییەکان، بەڵام ئەم راپۆرتە نوێیە ئاماژەیەکی مەترسیدار و بارگرانی تاوەکو ساڵی 2050 دەردەخات کە تووشبووانی ساڵانە شێرپەنجەکە بگاتە زیاتر لە ملیۆنێک''.
لە جیهاندا شێرپەنجەی جگەر شەشەمین شێرپەنجەی باوە و سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانە بە شێرپەنجەکان.