خۆبەخشانی تەندروستی لە رۆژی هیوا جەمال: وەکو کارمەند ئەرک و لێپرسینەوەمان هەیە، بەڵام ماف و مووچەمان پێنادرێن
رووداو - تەندروستی
خۆبەخشانی تەندروستی داوای دامەزراندن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن و نوێنەرێکیان دەڵێت: وەکو کارمەند هاتن و نەهاتنمان بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام ماف و مووچەمان پێنادرێن.
ئەمڕۆ شەممە 2-8-2025 بڕوا حەمید، نوێنەری خۆبەخشانی تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: لە سنووری راپەڕین 2400 خۆبەخشی فەرمی تۆمار کراون، بەڵام تاوەکو ماوەکانی رابردووش 500 بۆ 600 کارمەندی خۆبەخش بەردەوامبوون لە دەوامکردن.
بڕوا حەمید دەڵێت: ''خۆبەخش هەیە لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا بەبێ وەستان خۆبەخشی کردووە و بەردەوامە، بەڵام هیچ مووچە و بڕە پارەیەکی بۆ نەبڕدراوەتەوە''.
ئاکۆ ئەمین، نوێنەری خۆبەخشانی تەندروستی لە سلێمانی گوتی، نزیکەی 5 هەزار خۆبەخش لە کەرتی تەندروستیی سلێمانی هەن و ئەگەر خۆبەخشان نەبن، بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان پەکیان دەکەوێت.
سومەیە سەردار، وەکو نوێنەری خۆبەخشانی تەندروستیی هەولێر لەنێو ستۆدیۆی بەشداریی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمالی کردووە و دەڵێت: هیچ هاوکارییەکمان ناکرێت و سووکایەتی و بێڕێزیشمان پێدەکرێت.
ئەوەی باس کرد، کاتێک داوای دامەزراندن و داواکارییەکانمان دەکەین، سزا دەدرێن، ئەو دەشڵێت، هەندێک خۆبەخش هەیە ماوەی 10 ساڵە بەردەوام بووە و کە داوای دامەزراندنیش دەکات، پێی دەڵێن ''دەتنێرینەوە ماڵێ''.