''بەتەمەنترین منداڵی جیهان'' لەدایکبوو

رووداو - تەندروستی

لە ئەمریکا منداڵێک لەدایکبوو کە 31 ساڵە بە پیتێندراوی هەڵگیراوە و بە ''بەتەمەنترین کۆرپەی جیهان'' ناسێنرا، چونکە لە ساڵی 1994ـەوە پیتێندراوە و ساڵی 2025 لەدایکبووە.
 
منداڵەکە ناوی تادیۆس دانیاڵە و لە 26ـی مانگی رابردوو لەدایکبوو، لە سەرەتای نەوەدەکاندا ئەو منداڵە بە رێگەی بلووری لە هێلکەی لیندا ئارکێرد و سپێرمی هاوژینەکەی پیتێندراوە و دواتر لە 1994دا هێلکە پیتێندراوەکە بە بەستوویی هەڵگیرا. ساڵی رابردوو هێلکە پیتێندراوەکە خراوەتە نێو منداڵدانی لیندسی پیرس و لەنێو جەستەی ئەودا کۆرپەلەکە گەشەی کردووە.
 
ئەو پیتاندنەی بە رێگەی بلووری لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ لیندا ئارچارد کرا؛ چوار منداڵ پەیدا بوون، کە لیندا و هاوژینەکەی بڕیاریاندا یەکێکیان دروست ببێت و ئێستا ژنێکی 30 ساڵە. کۆرپەلە پیتێندراوەکانی دیکە {سێ دانەکەی دیکە} بە بەستوویی بڕیاری هەڵگرتنیان درا.
 
لیندسی پیرس، نەخۆشە و منداڵی نابێت و ئەو خانمەیە کە ساڵی رابردوو کۆرپەلە پیتێندراوەکەی خرایە نێو منداڵدانی و لە خۆی گرت، دەڵێت: ئێمە هەر شتێکمان دەکرد تەنیا لەپێناو ئەوە بوو کە منداڵمان هەبێت.
 
ئەو کلینیکەی منداڵەکەی تێدا گوازراوەتەوە لەلایەن د. جۆن گۆردنەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەو دەڵێت: هەموو کۆرپەلەیەکی بەستوو شایەنی ژیانی هەیە، ئەوەش پێویستی بە کەسێکە کە هێلکەی پیتێندراوی هەڵگرتووی لەنێو دابنرێت.
 
ئایا مەترسی هەیە لەسەر تەندروستیی کۆرپەکە؟
 
پسپۆڕان ئەو ماوە زۆرەی مانەوەی هێلکە پیتێندراوە بە بەستوویی ناگەڕێننەوە بۆ مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپەکە و بە ئاسایی دادەنێن، چونکە مەرجی سەرەکی بۆ ئەوە ئەوەیە کە هێلکە پیتێندراوەکە بە باشی هەڵگیرابێت و چاودێریی هەڵگرتنەکەشی کرابێت.
 
پێشووتر ئەمە روویداوە؟
 
''لە ساڵی 2022 منداڵێک لەدایکبوو کە بە پیتێندراوی لە ساڵی 1992دا هەڵگیرابوو، ئەو ئێستا لە ژیاندایە و تەندروستە''.
 
کردەی منداڵی بلووری چییە؟
 
کردەی IVF واتا پیتاندنی منداڵی بلووری لە دەرەوەی جەستە و تیایدا هێلکە و سپێرم تێکەڵ بە یەک دەکرێن و پاشان دەخرێنە نێو منداڵدانی دایکەکە. ئەمەش دەکرێت ئەو هێلکە پیتێندراوە بۆ چەندان ساڵ هەڵبگیرێت و دواتر بخرێتەوە نێو منداڵدانی دایکەکە یاخود هەر کەسێک کە بیەوێت منداڵەکە لەنێو سکیدا گەورە ببێت. {زانیاریی زیاتری لەسەر بزانە}
 
ئامارێک لەبارەی منداڵی بلووری
 
لە بەریتانیا رێژەی لەدایکبوون بە IVF لە ساڵی 2000دا تەنیا 1.3٪ بووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا بووە بە 3.1٪، بەجۆرێک 11٪ـی منداڵبوونەکانی ژنانی تەمەن 40 بۆ 44 ساڵ لەو وڵاتە، لەڕێگەی بلوورییەوە بووە. لە ئەمریکاش نزیکەی 2٪ـی لەدایکبوونەکان منداڵی بلوورین.