پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی: کۆنتڕۆڵکردنی کۆلێرا تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە
رووداو - تەندروستی
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتە دواکەوتووەکانی ئەفریقا نەخۆشیی کۆلێرای تێدا بڵاوبووەتەوە، پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستیش دەڵێت: بەردەوام پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024 دکتۆر باواجی کەریم، راهێنراوی بۆردی حکومڕانیی تەندروستی لە بەرنامەی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، تائێستا لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی ئاو لە رووی سەلامەتییەوە کۆنتڕۆڵنەکراون، چونکە دەبێت هەمیشە پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوەی هەموو گەڕەکێک بکرێت.
دکتۆر باواجی کەریم دەڵێت: کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازراوەیە و بەهۆی بەکتریایەکەوە دروستدەبێت کە لەنێو ئاو و خۆراکی پیسبوودا هەیە، هاوکات دەشڵێت: لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، خەڵک پەنا دەبەنە بەر شوێنی جیاواز بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە، بۆیە دەشێت لەو رێگەیەوە کۆلێرا بڵاوببێتەوە.