لە کەلار تەنیا لە مانگێکدا 59٪ـی منداڵبوونەکان بە نەشتەرگەری بووە
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون لە کەلار رایدەگەیێنێت، لە مانگی رابردوودا 239 منداڵ لەدایکبوون کە 141ـیان بە نەشتەرگەری بووە. پسپۆڕێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێ، خواستی دایکان بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون زۆر زیادی کردووە و بەشێکیشی چاولێکەرییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-9-2025 د. پەرژین جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، بە لیژنە بڕیاری نەشتەرگەریی منداڵبوون دەدرێت و هەر خانمێک پێویستی پێنەبێت، بۆی ناکرێت. بەڵام دەڵێت: ''کێشەکە ئەوەیە خانمان هەمیشە داوای نەشتەرگەریی منداڵبوون دەکەن و ئەگەر لە حکومی بۆیان نەکرێت، پەنا دەبەنە بەر نەخۆشخانەی تایبەت''.
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باس دەکات، منداڵبوون بە سرووشتی لێکەوتەی کەمترە و ئەگەری تووشبوون بە لێکەوتەی نەرێنیی زۆر لە نەشتەرگەریی منداڵبووندایە نەک سرووشتی.
بەپێی نەخۆشخانەکە، 98 منداڵ بە سرووشتی لەدایکبوون و 141ـیش بە نەشتەرگەری کە لەو ژمارەی نەشتەرگەرییانەش 58ـیان فریاکەوتن بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، رێژەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لە تەندروستیی گەرمیان بەم شێوەیەیە؛
لە ساڵی 2021؛ 5894 منداڵ لەدایکبوون کە 3543 بە نەشتەرگەری بووە
لە ساڵی 2022؛ 6000 منداڵ لەدایکبوون کە 1328 بە نەشتەرگەریی بووە
لە ساڵی 2023؛ 5506 منداڵ لەدایکبوون کە 1250 بە نەشتەرگەریی بووە
بەپێی WHO، لێکەوتەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە کە بەشێکی زۆری نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون هۆکاریەتی، دەشێت ئەمانە بن؛
- ناڕێکیی فەرمانەکانی مێشك
- هەوکردن
- هەناسەتەنگی
- تووشبوون بە جەڵتە
- ئیفلیجیی مێشک
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- ناڕێکیی گەشە
- لاوازیی بەرگریی جەستە
- تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان