بیستۆکێکی لێدانی دڵ لەماوەی 15 چرکەدا نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان دەکات
رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار بیستۆکێکی لێدانی دڵ بە زووترین کات نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان دەکات و توێژەرانی بەریتانیا ئەمەیان دۆزیەوەتەوە.
فاکەڵتیی پزیشکیی کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن ئاماژە بەوەدەکات، بیستۆکێکی لێدانی دڵی زیرەکیان پەرەپێداوە، کە بەهۆی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکردەوە دەتوانێت لە ماوەی 15 چرکەدا نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان بکات، ئەم ئامێرە نوێیە توانای ناسینەوەی کۆمەڵێک کێشەی دڵی هەیە، لە سستبوونی دڵەوە تاوەکو نەخۆشیی زمانەی دڵ و تێکچوونی لێدانی دڵ.
کۆلێژەکە ئاشکرای دەکات ئامێرەکە لە یەکەیەک پێکدێت کە لەسەر سینگی نەخۆشەکە دادەنرێت، هەستەوەرێکی 'ECG'ی تێدایە بۆ ئەنجامدانی هێڵکاریی دڵ و میکرۆفۆنێکیش بۆ تۆمارکردنی دەنگی جووڵەی خوێن لە دڵدا، دواتر زانیارییەکان لەڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە شیدەکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کێشانەی رەنگە پزیشکەکان بە ئاسانی هەستی پێ نەکەن.
دکتۆر پاتریک باشتگر، لە پەیمانگەی نیشتمانیی دڵ و سییەکان لە کۆلێژی ئیمپریال دەڵێت: "جێی سەرسووڕمانە کە بیستۆکێکی زیرەک بە پشکنینێک کە زیاتر لە 15 چرکە ناخایەنێت، بتوانێت بە خێرایی نەخۆشییەکانی دڵ دەستنیشان بکات".