بێگەرد تاڵەبانی لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس: هیچ مریشکێکی بەستووی هاوردەکراو مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی نییە
رووداو - تەندروستی
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی دکتۆر ئاراسدا رایدەگەیێنێت، ئەو پەلەوەر و گۆشتە مریشکە بەستووانەی دێنە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان نییە.
ئەمشەو کاژێر 21:00 نوێترین (بەرنامەی دکتۆر ئاراس) پێشکێشدەکرێت و لەبارەی پرسی گۆشتی مریشک، هێلکە و مریشکی هاوردەکراوە؛ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەنێو ستۆدیۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دکتۆر ئاراس برادۆستی راگەیاند، پاڵپشتیی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن کە لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان.
بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای دەکات، ''ئەو بەرهەمانەی دێنە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان یاخود لارینەبوونی ئێمە (وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان)ـیان نییە و تەنانەت ئەو نووسراوانەشی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە بۆ بەشێک لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەکرێن، بە وەزارەتی ئێمە (وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان)ـدا تێناپەڕن''.
تاڵەبانی دڵنیایی دەداتە کواڵیتیی پەلەوەرە نێوخۆییەکان و دەڵێت: هەوڵمان داوە زۆرترین چاودێریی ئەو خۆراک و ئالیکە بکەین کە بە پەلەوەر دەدرێت و چاودێریی لایەنی تەندروستیشی بکەین بەتایبەت دابینکردنی ڤاکسین.
لەبارەی نرخی مریشکی بەستووی هاوردەکراوە بەراورد بە مریشكی خۆماڵی، بێگەرد تاڵەبانی ئەوە باس دەکات، ''مریشکێک لەوپەڕی دونیاوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان کەچی بە نرخێکی کەمتر لە بەرهەمە نێوخۆییەوە دەکەوێتە بازاڕەوە، ئەمە نیشانەیەکی پرسیارە لەسەر کواڵیتیی ئەو جۆرە مریشکە هاوردەکراوانە''.
گوتیشی، وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی داراییان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی خاوەنپڕۆژەکانیان پێبکەن لە دابەزاندنی تێچووی نرخی بەرهەمەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا تاوتوێی بە بازاڕکردن و دابەزاندنی تێچووی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن، ''تاوەکو رکابەریی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکات''.
لەنێو بەرنامەکەی ئەمشەودا د. شیلان ئارام، پسپۆڕی بەڕێوەبردن و بەخێوکردنی پەلەوەر و دکتۆر دیلان وشیار، پزیشکی ڤێتێرنەری میوانی بەرنامەکەن و باسی کۆمەڵێک پرسی هەستیار و گرنگ لەبارەی کواڵیتیی گۆشتی مریشك و هێلکە دەکەن؛