بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی کەلار: زۆرینەی نۆبەرەکانی کەلار بە نەشتەرگەری لەدایکبوون

رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون لە کەلار رایدەگەیێنێت، مانگی رابردوو (ئەیلوول) 312 منداڵ لەدایکبوون کە 191 منداڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-10-2025 د. بەناز جەلیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون لە کەلار بە رووداوی راگەیاند، زۆرینەی یەکەم دووگیانییەکانی خانمانی کەلار لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە منداڵەکانیان لەدایکبووە، چونکە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بەبێ مەرج و لیژنە نەشتەرگەری دەکەن و خانمانیش مەیلیان بۆ ئەوە زۆرە.
 
د. بەناز جەلیل ئاشکرای دەکات، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی سنوورەکە زۆرینەی پزیشکەکان نەشتەرگەریی منداڵبوون بە نرخێکی کەم دەکەن و بێ ئەوەی روونکردنەوە بۆ خانمان بدەن لەبارەی سوودەکانی منداڵبوونی سرووشتی، نەشتەرگەریی منداڵبوون دەکەن.
 
بەپێی نەخۆشخانەکە، مانگی رابردوو 312 منداڵ لەدایکبوون کە 129ـیان بە نەشتەرگەری سارد و 62ـیان بە نەشتەرگەریی بەپلە لەدایکبوون. منداڵە لەدایکبووەکانیش 155 کوڕ و 157 کچن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، رێژەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لە تەندروستیی گەرمیان بەم شێوەیەیە؛
 
لە ساڵی 2021؛ 5894 منداڵ لەدایکبوون کە 3543 بە نەشتەرگەری بووە
لە ساڵی 2022؛ 6000 منداڵ لەدایکبوون کە 1328 بە نەشتەرگەریی بووە
لە ساڵی 2023؛ 5506 منداڵ لەدایکبوون کە 1250 بە نەشتەرگەریی بووە
 
بەپێی WHO، لێکەوتەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە کە بەشێکی زۆری نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون هۆکاریەتی، دەشێت ئەمانە بن؛
 
- ناڕێکیی فەرمانەکانی مێشك
- هەوکردن
- هەناسەتەنگی
- تووشبوون بە جەڵتە
- ئیفلیجیی مێشک
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- ناڕێکیی گەشە
- لاوازیی بەرگریی جەستە
- تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان