لە هەڵەبجە رێکخراوێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک هەڵمەتێک رادەگەیێنێت
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی نما خانی بۆ پاراستنی ژینگە، لەنێو فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا هەڵمەتێکی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان لەبارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی پلاستیک و زیانەکانی بۆ سەر خاک راگەیاند و داوایان کرد مادەی دیکەی سروشتی بەکاربهێنن کە ئاسانتر لەنێو خاکدا شیببنەوە.
نما نازم، سەرۆکی رێکخراوی نما خانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکخراوی نما خانی کار لەسەر ژینگە و پەروەردەی ژینگەیی دەکات. لەبەرئەوەی لە کاتی فیستیڤاڵی هەناردا پاشەڕۆیەکی زۆری پلاستیک فڕێدەدرێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی هانی هاونیشتمانییان بدەین لەبری پلاستیک، کاخەز و ماددەی دروستکراو لە ئاردی گەنمەشامی بەکاربهێنن کە ئاسانتر لەنێو خاکدا شیدەبێتەوە."
سەرۆکی رێکخراوی نما خانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوون لەسەر بەکارهێنانی پلاستیک زیانێکی گەورە بە خاکی ناوچەکە دەگەیێنێت و سروشتەکەی تێکدەدات.
سەبارەت بە پڕۆژەکانیان بۆ هاندانی خەڵکی، نما نازم گوتی، "ئامێرێکی دووبارە بەکارهێنانەوەمان داناوە، هەر کەسێک پلاستیک بەکاربهێنێت و بیخاتە نێو ئەو ئامێرە، داشکاندن لە چەند چێشتخانە و کافێیەک وەردەگرێت کە بەشدارن لەگەڵمان لە پڕۆژەکەدا."
رێکخراوی نما خانی پلانی هەیە لە داهاتوودا سەردانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوە و هەروەها کار لەسەر بواری پەروەردەی ژینگەیی بۆ منداڵان بکات.