تەندروستیی دهۆک: 8 هەزار و 150 منداڵ لە 15 کەمپی جیاواز ڤاکسین وەردەگرن
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف، هەڵمەتێکی کوتانی منداڵانی لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران دەستپێکرد.
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە رووداوی رایگەیاند، "ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانە و 36 تیمی گەڕۆک بۆ کوتانی منداڵانی ئاوارە و پەنابەران ئامادەکراون."
بە گوتەی د. ئەفراسیاب مووسا، لە هەڵمەتەکەدا 8 هەزار و 150 منداڵ لە 15 کەمپی ئاوارە و پەنابەراندا ڤاکسینیان پێدەدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەی ساڵ و نیوێکە تیمە تەندروستییەکان لەنێو کەمپەکاندا نەماون و رێکخراوە تەندروستییەکان کاریان تێدا ناکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، داوای هاوکاری لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشی تەندروستیی منداڵانی نێو کەمپەکان.