لە سلێمانی دوو نەشتەرگەریی دەگمەن بۆ دوو تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن کران

رووداو - تەندروستی

لە سلێمانی دوو نەشتەرگەریی گەورە و دەگمەن بۆ دوو گەنجی تووشبوو بە شێرپەنجەی کۆڵۆن لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری لە سلێمانی بە سەرکەوتوویی و بێ بەرامبەر ئەنجامدران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 2-11-2025 د. بەرهەم محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئەو دوو نەشتەرگەرییەی جیادەکردەوە، تەمەنی گەنجی نەخۆشەکان بوو، کە یەکێکیان تەمەنی 19 بۆ 20 ساڵ بوو و ئەوەی دیکەیان 25 ساڵ بوو."
 
بە گوتەی د. بەرهەم محەممەد، نەشتەرگەرییەکان لەلایەن سێ تیمی پزیشکییەوە ئەنجامدران و دۆخی تەندروستیی هەردوو نەخۆشەکە جێگیرە.
 
ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر ئاماژەی بەوەشکرد، "نەشتەرگەرییەکانمان بێ بەرامبەر ئەنجامداوە، لە کاتێکدا تێچووی هەریەکێکیان لە نەخۆشخانەکانی دەرەوە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن دینارە." روونیشیکردەوە کە زۆربەی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکەیان بێبەرامبەرن، تەنیا ئەو کەسانە پارەیان لێوەردەگیرێت کە دەیانەوێت زووتر و لە کاتی نزیکدا نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.
 
سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن لەنێو گەنجاندا، د. بەرهەم محەممەد گوتی، "هۆکارێکی دیاریکراو تاوەکو ئێستا نەزانراوە، بەڵام پێویستە گەنجان ئاگاداری شێوازی ژیانیان بن و گرنگی بە خۆراکی تەندروست و وەرزشکردن بدەن."