مانگی رابردوو زیاتر لە 2900 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی خەوێنراون
رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو 22 هەزار و 859 منداڵی نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵانیان کردووە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 905 منداڵ خەوێندراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-12-2025 خالید رەحمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هەموو دەرمان و پێداویستییەکی چارەسەر بۆ منداڵان هەیە و نەخۆشخانەکە لە هیچ شتێکی کەم نییە.
لەبارەی دەرزیی گەشەوە خالید رەحمان دەڵێت: بەپێی بەشی پارێزگاکان لە عێراقەوە دابیندەکرێن و بەکارهێنانی سنووردارە.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەشڵێت، نزیکەی 50 خۆبەخشیان لە نەخۆشخانەکە هەیە و لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە مووچەیان دەدرێتێ تاوەکو کارەکانی نەخۆشخانەکە بە باشی بەڕێوەببرێن.
جگە لەمانەش، تەندروستیی سلێمانی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە مانگی رابردوو 876 منداڵی تووشبووی سکچوون و رشانەوە، 827 منداڵی تووشبووی هەناسەتەنگیی تووند تۆمار کراون.
یەکێک لەو ڤایرۆسانەی دەشێت تووشی منداڵان ببێت لەم وەرزەدا؛ ڤایرۆسی (RSV)ـیە کە یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
* منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.