دەستەی ژینگە: بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن کواڵیتیی هەوا تێکچووە

رووداو - تەندروستی

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە شارەکاندا وێستگەی تایبەت بە پێوەری کوالێتیی هەوا بوونی نییە و بە سەتەلایت چاودێریی کەشوهەوا دەکەن، هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر وێستگەمان هەبێت، ئامارەکانمان بە وردی دەداتێ."
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "دەیانەوێت وێستگەی کواڵیتیی هەوا لە شارەکاندا دابنێن و ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی کواڵیتیی هەوا بەتایبەتی بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە باشتر بووە، چونکە 3 هەزار و 500 مۆلیدەی کوژاندووەتەوە.
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی پیسبوونی هەوا، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتی، "ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێل و هەبوونی پاشماوە و سووتاندنی، کە گازی لێدەردەچێت، هۆکارن، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن و کوژانەوەی کارەبای 24 کاژێری، کوالێتیی هەوا تێکچوو."
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە جەختی لەوەشکردەوە، "پێویستە کارگە و پاڵاوگەکان پێوەر و رێنوێنییە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن."
 
ئەگەر رێژەی کواڵیتی AQI 100 بێت ئاساییە، 100- 150 بۆ هەندێک گروپ نائاساییە 
150-200 کواڵیتی هەوا ناتەندروستە
200-300 کواڵیتی هەوای زۆر ناتەندروستە
 
رێژەی پیسیی هەوا لە شارەکانی کوردستان 
 
هەولێر 172 AQI
سلێمانی AQI 160
هەڵەبجە 167 AQI
سەیدسادق 226 AQI
رانییە 168 AQI
دەربەندیخان 170 AQI
دوکان 174 AQI
قەڵادزێ 163 AQI