بەرپرسێکی تەندروستیی کەرکووک: پشکنینی ئەیدز بەخۆڕاییە و زانیاریی تووشبووان پارێزراوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییەکانی ئەیدز لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، پشکنینی ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی لەش (ئەیدز) لە هەموو فەرمانگە و نەخۆشخانەکانی شارەکە بە خۆڕاییە و زانیاریی تووشبووانیش بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
 
مەڕوە نەژدەت، بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییەکانی ئەیدز لە کەرکووک، بە رووداوی رایگەیاند، "هەرکەسێک گومانی لە خۆی هەبێت کە تووشبووی ئەم نەخۆشییە بێت، دەتوانێت سەردانی نەخۆشخانە، فەرمانگە و سەنتەرە پزیشکییەکان بکات و داوای پشکنینی HIV بکات کە ئەیدزە، پشکنینەکەش بە خۆڕاییە."
 
سەبارەت بە پاراستنی زانیاریی نەخۆشەکان، مەڕوە نەژدەت گوتی، "هەر نەخۆشێک کە پشکنینی بۆ دەکرێت، تایبەتمەندییەکەی پارێزراوە تاوەکو تووشی هیچ ناوناتۆرەیەک نەبێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی نەخۆشییەکانی ئەیدز لە کەرکووک، کاتێک کەسێک تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە پشتڕاست دەبێتەوە، فەرمانگە تەندروستییەکە بە نهێنی پەیوەندییان پێوە دەکات و دواتر ئەوان پەیوەندی بە تووشبووەکە دەکەن، بە ئارامی قسەی لەگەڵ دەکەین و پێیدەڵێین سەردانمان بکات، تاوەکو ئاراستە بکرێت بۆ سەنتەری رێنمایی و وەرگرتنی چارەسەر کە لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری هەیە."
 
بەڕێوەبەری هۆبەی ئەیدز لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی کارمەندانی تەندروستی و هەموو چینەکانی کۆمەڵگەیە، تاوەکو تووشبووان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی جیانەکرێنەوە.