بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر: ئێستا 62 تووشبووی ئەیدز هەن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر ئاماری تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز لە سنووری پارێزگاکە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، 62 تووشبووی تۆمارکراوی ئەیدز هەن کە 38 کەسیان بیانین.
 
د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر، رایگەیاند، "لە هەولێر 62 حاڵەتی تووشبووی تۆمارکراوی ئەیدز هەن، لەو ژمارەیە 38 حاڵەتیان بیانیین و 24 حاڵەتیشیان عێراقین."
 
بە گوتەی د. بێریڤان عەدنان، لە کۆی تووشبووە تۆمارکاوەکان  13 کەسیان کوردن و 11 کەسیشیان عەرەبن. هەروەها 13 لە تووشبووە بیانییەکانیش خەڵکی سووریان.
 
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، زۆری هاووڵاتییانی بیانی و هەروەها زۆربوونی شوێنەکانی مەساج وایانکردووە کە ژمارەی تووشبوون بە ئەیدز زیاد بکات.
 
سەبارەت بە رێگاکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، د. بێریڤان عەدنان گوتی، "ئەیدز لە رێگەی پەیوەندی سێکسی، کەلوپەلی پیسبووی پزیشکی و ئاڵوودەبوون لە رێگەی دەرزییەوە دەگوازرێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی تەندروستی دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە هەرکەسێک تووشی ئەیدز دەبێت، زوو دەستنیشان بکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت، بەڵام هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبووانی ئەیدز لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
 
د. بێریڤان عەدنان داوا دەکات، هەر کەسێک گومانی هەیە تووشبووی ئەیدز بێت، با سەردانمان بکات بە مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی رێنمایی.