خۆبەخشێكی تەندروستیی راپەڕین: داوای دامەزراندن دەکەین

رووداو - تەندروستی 

خۆبەخشانی تەندروستی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن، پەیامیان هەیە و دەڵێن: ''وەزارەتی تەندروستی بۆ لە خۆبەخشان ناپرسی؟''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3-2-2025 بەشێک لە خۆبەخشانی ئیدارەی راپەڕین کە ژمارەی گشتییان نزیکەی هەزار کەسە گردبوونەوە و نوێنەرێکیان بە رووداوی گوت، دوو مانگە بایکۆتی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە. 
 
محەممەد عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی خۆبەخشانی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: ''دەمانەوێت لە وەزارەتەوە بەڵێنی دامەزراندنمان پێبدرێت''.
 
ئەو نوێنەرەی خۆبەخشان ئاشکرای دەکات، بۆشایی گەورەی کەرتی تەندروستیی راپەڕینیان پڕکردووەتەوە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە؛ بەجۆرێک بنکەیەکی تەندروستی لە راپەڕین تەنیا دوو کارمەندی دامەزراون و ئەوانی دیکەی خۆبەخشن کە دەوامناکەن، ئێستا کارمەندێکیان خانەنشینبووە و یەکێکیان ماوەتەوە.