توێژینەوەیەکی نوێ: منداڵ لە 2 مانگییەوە شتی بێ گیان لە گیاندار جیا دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژەرانی زانکۆی ترینتی لە ئێرلاند چەند نهێنییەکی توانای مێشکی منداڵی دوو مانگ ئاشکرا دەکەن بەوەی کە زۆر لەوە بەتواناترن کە تاوەکو ئێستا زانراوە.

توێژینەوەکە پشکنینی تیشکیان بۆ مێشکی 130 منداڵی دوو مانگ کردووە، ئەوانەی سەیری شتێکی بێ گیانیان کردووە، وێنەی تیشکی مێشکیان جیاواز بووە لەگەڵ ئەو کاتەی سەیری گیاندارێک دەکەن.
 
د. کلیۆنا ئۆدۆرتی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''ئێمە سەیری ناوچەیەکی دیاریکراو دەکەین و شوێنە جیاوازەکانی مێشک دەپشکنین، بۆمان دەرکەوتووە، مێشک هەر لە تەمەنی دوو مانگییەوە توانای ئەوەی هەیە شتەکان جیا بکاتەوە، هەروەها توانای پۆلێنکردنی شتی گیاندار و بێ گیانی هەیە کە ئەمە ئەنجامێکی زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو''.
 
پڕۆفیسۆر د. گوستاڤۆ سودری، پسپۆڕی تیشک و ژیریی دەستکرد دەڵێت: ''بەم ئەنجامە دەتواندرێت زووتر کێشە رەفتارییەکانی منداڵ دەستنیشان بکرێن، نەک لە تەمەنێکی گەورەتر هەستیان پێبکرێت و چاوەڕێی دەرکەوتنی نیشانە بکرێت کە چارەسەرکردن زەحمەت بێت''.
 
ئەمە ئومێدێکی گرنگە بۆ زووپشکنینی ئۆتیزم، بیرکۆڵ و فرەجووڵە تاوەکو لەڕێگەی لێکدانەوەی مێشک و رەفتاری منداڵەوە دەستنیشان بکرێن.