پسپۆڕێکی منداڵان لە دهۆک: منداڵانی خوار شەش مانگ دۆخیان لە مەترسیدایە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، منداڵی خوار شەش مانگ زۆرترین ئەوانەن کە پێویستیان بە هەناسەدانی دەستکرد و ئۆکسجین بووە کاتێک تووشی پەتا وەرزییەکان بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-3-2025 د. سەڵاح عەبدولکەریم مزووری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئێستا دۆخی تووشبووانی ڤایرۆسی RSV باشترە و تەنیا منداڵانی خوار شەش مانگ دۆخیان مەترسیدارە بۆ تووشبوون.
د. سەڵاح مزووری دەڵێت: ئەوانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵ یاخود سییەکانیان هەیە گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە پەتاکان و بەتایبەتیش ئەو ڤایرۆسەی ئێستا کە لە دهۆک زۆر بڵاوبووەتەوە بەناوی RSV.
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی پەتاکان هەبووە و لەمبارەیەوە د. سەڵاح روونی دەکاتەوە، باشترین کاتی ڤایرۆسەکە کۆتایی مانگی 10 بۆ سەرەتای مانگی 3ـیە بەڵام بەهۆی دواکەوتنی سەرماوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش دواکەوتووە بۆ ئەم ماوەیە.