دەزگای فریاکەوتنی ئێران: زیانی جیدی بە بنکە و کارمەندانمان کەوتووە
رووداو - تەندروستی
د. جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی دەزگای فریاکەوتنی ئێران رایدەگەیێنێت، زیانی جیدی بەر کارمەندانی فریاکەوتن کەوتووە. ئەو پزیشکە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و ناوەندەکانی فریاکەوتن بە پێشێلکاریی جەنگ دەناسێنێت.
هاوکات ئەندازیار موهەببەتی، جێگری بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەرچاوە مرۆییەکان لە تەندروستیی ئێران دەڵێت: تاوەکو ئێستا 150 ئەمبوڵانسی نوێ بۆ کەرتی تەندروستی دانراون و خزمەتگوزاریی فریاکەوتن بۆ هەموو ئێران بەردەستە.
لای خۆیەوە سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، هێرشکردنە سەر بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەکان جێگەی نیگەرانییە بەتایبەت هێرشی چڕ بۆ سەر نەخۆشخانەکانی ئێران.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ''تویتەری پێشوو'' بڵاوی کردووەتەوە لە دۆخی بۆردوومانەکانی سەر نەخۆشخانەکانی ئێران نیگەرانە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیانەکان و هێرشەکان دەکات.
دەزگای فریاکەوتنی ئێران زیاتر لە سێ هەزار و 500 بنکەی هەیە، ئێستا نزیکەی 30 هەزار کارمەندی ئۆپەراسیۆنی و پسپۆڕی هەیە. ئەم کارمەندانە تەکنیککارانی فریاگوزاریی پزیشکیی خێرا، پەرستاران و پسپۆڕانی تەندروستی لەخۆدەگرن.