پاچێکی زیرەک پێش دەرکەوتنی نیشانەکان هەستەوەری خۆراک کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژەران لە سعودیە، ئامێرێکیان دروستکردووە کە وەک پاچێک لە پێست دەدرێت و پێش دەرکەوتنی نیشانەکان، کەسەکە لە مەترسیی تووشبوون بە هەستەوەری خۆراک ئاگادار دەکاتەوە.
 
توێژەران لە زانکۆی شا عەبدوڵڵا بۆ زانست و تەکنەلۆژیا (KAUST) لە سعودیە ئاماژە بەوەدەکەن کە ئامێرێکیان بە ناوی (AllergE)ـیە درووستکردووە، کە  هەستەوەری DNAـی تێدایە و لەڕێگەی دەرزییەکی زۆر بچووکەوە (مایکرۆنیدڵ) بێ هیچ ئازارێک دەچێتە ژێر پێست، کاتێک بەر دژەتەنی (IgE) دەکەوێت، شێوەی خۆی دەگۆڕێت و ئاماژەیەک دروست دەکات، دواتر ئامێرێکی خوێنەرەوەی بچووک ئاماژەکە وەردەگێڕێت ئامارەکان لە رێگەی مۆبایلەوە بە شێوەی راستەوخۆ چاودێری بکرێن.
 
زانکۆ سعودییەکە ئاماژە بەوەدەدات لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئامێرەکە سەدان جار هەستیارترە لە پشکنینە باوەکان و دەتوانێت خەستیی زۆر کەمی IgE دەستنیشان بکات، هەروەها دەتوانێت جیاوازی لەنێوان دژەتەنی هەستەوەری و دژەتەنە هاوشێوەکانی دیکەدا بکات کە رۆڵیان لە هەستەوەریدا نییە.
 
د. دانا ئەلسولەیمان سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەم پاچە زیرەکە دەتوانێت رۆژێک لە رۆژان یارمەتیدەر بێت بۆ رێگریکردن لە شۆکی هەستەوەری (anaphylaxis) و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەستەوەری لە ماڵەوە."