لە دانیمارک گواستنەوەی HIV و سیفلیس لە دایکەوە بۆ منداڵ بنبڕ کرا

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، دانیمارک وەک یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بڕوانامەی بنبڕکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکانی HIV و سیفلیسی لە دایکەوە بۆ منداڵ بەدەستهێناوە.
 
د. تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، " بە پابەندبوون بە سیاسەتێکی بەهێز و وەبەرهێنانی بەردەوام لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و تەندروستیی دایک و منداڵ، وڵاتان دەتوانن هەموو خانمێکی دووگیان و کۆرپەلەیەکی نوێ لەم نەخۆشییانە بپارێزن."
 
سۆفی لۆدێ وەزیری تەندروستیی دانیمارک، ئەم دەستکەوتەی بە شانازی بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و گوتی، "سیستمی تەندروستیی گشتگیری دانیمارک، کە لەسەر بنەمای دەستڕاگەیشتنی یەکسان بۆ هەمووان بنیات نراوە، بناخەی ئەم دەستکەوتە بووە."
 
دانیمارک ئێستا کار بۆ بنبڕکردنی گواستنەوەی هەوکردنی جگەری جۆری B دەکات.
 
بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە، پێویستە وڵاتان چەند پێوەرێک جێبەجێ بکەن، لەوانە پشکنین و چارەسەرکردنی لانیکەم 95%ی خانمانی دووگیان و کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوونی منداڵان بۆ کەمتر لە 50 حاڵەت لە هەر 100 هەزار لەدایکبوونێکدا، دانیمارک لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024 ئەم پێوەرانەی بەدیهێناوە.