پزیشکانی خولاوی ناڕازی: پەلەبکرێت لە دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی تازەدەرچوو

رووداو - تەندروستی 

بەشێک لە پزیشکانی خولاو لە هەولێر راگەیێندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ''پەلەبکرێت لە دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی تازەدەرچوو بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی پڕۆسەی پلەبەندیی پزیشکان و پەککەوتنی سیستمی تەندروستیی نەخۆشخانەکان''.
 
لە هەولێر 474 پزیشکی نیشتەجێی خولاو هەن و لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بە 298 پزیشکی خولاو کراوە کە واژۆی ناڕەزاییان کردووە لە دۆخیان و رایدەگەیێنن، ''تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانیانی نەداوەتەوە''.
 
ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 دکتۆر مستەفا موکەڕەم، نوێنەرێکی پزیشکانی خولاوی ناڕازی بە رووداوی گوت، بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشكیی گشتیی ساڵی 2024، پلەبەندییان دواکەوتووە و لەبری ئەوەی ئێستا ببن بە پزیشکی پلەبەند، هێشتا بە پزیشکی خولاو ماونەتەوە.
 
دکتۆر مستەفا موکەڕەم دەڵێت: ''تائێستا بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانمان نەدراوەتەوە و داهاتوویان نادیارە بۆ بەرزکردنەوەی نازناوی پیشەیی و زانستییان''.
 
لەنێو ئەو راگەیێندراوەی بەناوی بەشێک لە پزیشکانی خولاو بڵاوکراوەتەوە داوا دەکرێت، پزیشکی نیشتەجێی دێرینی فریاکەوتن لە هەموو ئەو نەخۆشخانانە دابنرێت کە تەنیا پزیشکی نیشتەجێی خولاو ئێشکگرییان تێدا دەکات.
 
هەروەها ئاماژەش بە باشترکردنی کواڵیتیی ئامبوڵانس و بەهێزکردنی پاسەوانەکانی نەخۆشخانەکان کراون.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
 
دواین هەواڵ لەسەر دامەزراندنیان ئەوە بوو کە لە کۆبوونەوەیەکی مانگی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق هاوئاهەنگی بکرێت، بەڵام تائێستا پرسەکە بە بێدەنگی ماوەتەوە.